Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی بۆ نوێنەری وڵاتانی هاوپەیمان: پێویستە حكوومەتی عێراق لە شەڕی دژی داعش، كار بە بەرپرسیارێتی و پابەندبوونەكانی بكات

کۆبوونەوەی (سەرۆک بارزانی) لەگەڵ كۆنسووڵ و نوێنەری وڵاتانی هاوپەیمان لە شەڕی دژی داعش. ئەمڕۆ

هەولێر-KDP.info-  لە دیداریدا لەگەڵ كۆنسووڵ و نوێنەری وڵاتانی هاوپەیمان لە شەڕی دژی داعش، (سەرۆك بارزانی) سوپاسی گەل و حكوومەتەكانی هێزی هاوپەیمانانی كرد بۆ ئەو پاڵپشتی و هاوكارییەی كە لە شەڕی دژی داعش پێشكەشی هەرێمی كوردستانیان كردووە. هاوکات بە پێویستی زانی كە حكوومەتی عێراقی لە شەڕی دژی داعش، كار بە بەرپرسیارێتی و پابەندبوونەكانی بكات و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان سەرباری ئەوەی تێبینیی زۆری لەسەر حكوومەتی تازە هەبوو، بەڵام بڕیاری بەشداریكردنی دا بۆ ئەوەی باشتر بتواندرێ شەڕی تیرۆریستان بكرێ.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەڵاحەدین سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعود بارزانی) پێشوازی لە كۆنسووڵ و نوێنەری وڵاتانی هاوپەیمان لە شەڕی دژی داعش كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە كۆنسووڵ و نوێنەری وڵاتانی ئەمەریكا، فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، هۆڵەندا، كەنەدا و ئۆستڕالیا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، (سەرۆك بارزانی) وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، سوپاسی گەل و حكوومەتەكانی هێزی هاوپەیمانانی كرد بۆ ئەو پاڵپشتی و هاوكارییەی كە لە شەڕی دژی داعش پێشكەشی هەرێمی كوردستانیان كردووە و ئەو هەماهەنگییەی كە لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیماندا هەیە، بە بەرز نرخاند، بە تایبەت كە هەماهەنگییەكە وای كردووە، لە شەڕی دژی داعشدا هیچ زیانێك بەر خەڵكی سڤیل نەكەوێت.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی باس كرد كە، تیرۆریستانی داعش لەم شەڕەدا پابەندی هیچ یاسا و ئەخلاق و بەهایەكی مرۆڤی نین، بەڵام لەبەرانبەر ئەوەدا هێزی پێشمەرگە، سەرباری دڕندەییی داعش، بە تەواوەتی ڕەچاوی یاساكانی جەنگ و بنەماكانی مافی مرۆڤ و پاراستنی خەڵكی مەدەنی دەكات و ئەو پابەندبوونەی هێزەكانی پێشمەرگەیش ڕیشەی لە بەهاكان و مێژووی خەباتی گەلی كوردستاندایە كە بە هیچ شێوەیەك پێشمەرگە، دەستی بۆ كردەی نامرۆڤانە و تۆقاندنی خەڵكی سڤیل نەبردووە. 
(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا ڕایگەیاند كە بە پشتیوانیی هێزی هاوپەیمانان و ئازایەتیی پێشمەرگە، سەركەوتنی بەرچاو لە بەرەكانی شەڕ بەدی هاتووە و ئەو سەركەوتنانە بوونەتە هۆی ئەوەی تیرۆریستانی داعش لە پلانەكانیان بۆ پێكەوەگرێدانی دەشتی نەینەوا و، ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتیان لە سووریا شكست بهێنن.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) بە وردی شاندی میوانی لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە و پلانی داهاتووی بەرەكانی شەڕ ئاگادار كردەوە. (سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی خستەڕوو كە دوژمن توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی پێشمەرگەی نەماوە و پشتی بە خۆكوژ و دانانی تەقەمەنی و مین و بۆمبی چێندراوەوە بەستووە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) بە پێویستی زانی كە حكوومەتی عێراقی لە شەڕی دژی داعش، كار بە بەرپرسیارێتی و پابەندبوونەكانی بكات و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان سەرباری ئەوەی تێبینیی زۆری لەسەر حكوومەتی تازە هەبوو، بەڵام بڕیاری بەشداریكردنی دا بۆ ئەوەی باشتر بتواندرێ شەڕی تیرۆریستان بكرێ.
(سەرۆك بارزانی) لەمبارەیەوە بە پێویستی زانی كە، حكوومەتی عێراقی ئەرك و پابەندبوونەكانی لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە لەم شەڕەدا جێبەجێ بكات.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) تیشكی خستە سەر بارودۆخی ئەو هاووڵاتی و پێشمەرگانەی لەسەر چیای شنگالدا قارەمانانە بەرگری لە چیا دەكەن و ڕۆڵی ئەوانی لە پاراستنی چیای شنگال بەرز نرخاند.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەدا، ئامادەبووان تێبینی و پرسیارەكانیان لەبارەی چۆنییەتیی هاوكاریكردنی پێشمەرگە و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە ئاراستەی (سەرۆك بارزانی) كرد و وەڵامی تێبینی و پرسیارەكانیان درایەوە.
شایانی باسە لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی(فواد حوسێن) و وەزیری پێشمەرگە(مستەفا سەید قادر) و گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان(سەفین دزەیی) ئامادە بوون.