Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

داعش دەیان لاشەیان پێ جێ هێڵراون.. دەیان ئۆتۆمبێلیان سوتێندراون.. جبەخانە و ژمارەیەكی زۆری چەك و تەقەمەنییش کەوتنە دەست پێشمەرگە

هێمای سەرکەوتن لە لایەن پێشمەرگەوە.

زوممار-KDP.info-  لە ئەنجامی ئەم هێرشە قارەمانانەیەی هێزەکانی پێشمەرگەدا کە ئەم سەرلەبەیانییە لە میحوەری زوممار بەرپایان کرد، سنوورێكی بەرفراوانی دەڤەری زوممار و دەورووبەری لە دەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار كرا، سەرچاوەیەکی باڵای سەربازییش دەڵێت، ژمارەیەكی زۆری تیرۆریست كوژراون و دەیان لاشەیان لە دوای خۆیان جێ هێشتوون و بە دەیان ئۆتۆمۆبێلی سەربازی و ئۆتۆمۆبێلی بۆبمڕێژكراوی داعش تێك شكێندراون. و هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەستی بەسەر جبەخانە و ژمارەیەكی زۆری چەك و تەقەمەنیدا گرتووە. هەر لەم ئۆپەڕاسیۆنەدا هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە سەدان بۆمبی چێندراویان لەناو ناحییەكە و ڕێگە و بان و گوندە ئازادكراوەكان پووچەڵ كردوونەتەوە."

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، بۆ ڕزگاركردنی ناحیەی زوممار و گوندەكانی دەورووبەری هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە پشتیوانیی هێزی هاوپەیمانان و بە پشتبەستن بە پلانێكی سەربازیی تۆكمە، هێرشێكی بەرفراوانیان لە دژی تیرۆریستانی داعش بەرپا كرد.
سەرچاوەیەكی باڵای سەربازی لە میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە، تایبەت بۆ KDP.info ڕایگەیاند، "لە ئەنجامی ئەم هێرشە قارەمانانەیەدا سنوورێكی بەرفراوانی دەڤەری زوممار و دەورووبەری لە دەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار كرا و زیانێكی یەكجار گەورە بەر تیرۆریستانی داعش كەوت. لەم هێرشەدا هەر زوو سەنگەرەكانی دوژمن تێك شكێندران و گوندەكانی ئەبو وجنه و دۆمیز و سەربازگەی دۆمیز و مسێفنە و كانی شرینی سەروو و كانی شرینی خواروو و گركاڤر و گرچاڵ و عەزیزییە و بۆتێ و تل مووس و مفریە و كۆمەڵگەی گڕڤڕ و ناحیەی زوممار بە تەواوەتی كەوتنە دەست هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و ئازاد كران."
دەربارەی زیانی دوژمن لەو هەڵمەتە بەرفراوانەی هێزەکانی پێـشمەرگەی کوردستاندا، ئەو سەرچاوە باڵا سەربازییەی میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە، زیاتر گوتی، "لەم داستانە قارەمانانەیەدا ژمارەیەكی زۆری تیرۆریست كوژراون و تیرۆریستانی داعش دەیان لاشەیان لە دوای خۆیان بە جێ هێشتوون و بە دەیان ئۆتۆمۆبێلی سەربازی و ئۆتۆمۆبێلی بۆبمڕێژكراوی داعش تێك شكێندراون و هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەستی بەسەر جبەخانە و ژمارەیەكی زۆری چەك و تەقەمەنیدا گرتووە. هەر لەم ئۆپەڕاسیۆنەدا هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە سەدان بۆمبی چێندراویان لەناو ناحییەكە و ڕێگە و بان و گوندە ئازادكراوەكان پووچەڵ كردوونەتەوە."
شایانی باسە لەم هێرشە قارەمانانەیەدا هێزەكانی فەرماندەیی زێرەڤانی و فەرماندەیی هەڵگورد و فەرماندەیی هێزی پشتیوانیی یەك و فەرماندەیی دهۆك و هێزی پاراستنی ژینگەی دهۆك و هێزی خۆبەخشانی سنووری لقی هەشتی پارتیی دیموكراتی كوردستان و لیوای چواری هاوبەش و لەشكری تایبەتی دوو و تۆپخانە و یەكە تایبەتەكانی لەشكری تایبەتی یەك و گوڵان و دژەتیرۆری هەولێر بەشدار بوون.