Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زانیاریی ورد دەربارەی سەرکەوتن، پێشڕەویی هێزەبەشداربووەکانی پێشمەرگە

زوممار- تایبەت-KDP.info-  بەرەبەیانیى ئەمڕۆ شەممە، هێزەکانى پێشمەرگە لە چەندین قۆڵی میحوەرى زوممارەوە هێرشی فراوانیان بۆ سەر شارۆچکەی زوممار و دەورووبەری بەرپا کرد و چەندان گوندیان لەو ناوچەیە بە تەواوی لە تیرۆریستانی داعش پاک کردوونەتەوە و سەرچاوەیەکی باڵای سەربازییش دەڵێت، داعش لە نێو سەنتەری زوممار و تەلمووس و موفرییش بەرگریێکی ئەوتوتۆی نەماوە.

سەرچاوە باڵا سەربازییەکە بەKDP.INFO ى ڕاگەیاند: "لە سەعات حەوتی ئەم بەیانییەوە، هێزەکانی پێشمەرگە هێرشێکی فراوانیان بۆ ناوچەی زوممار و دەوروبەری بەرپا کرد، لەو هێرشە قارەمانانەیەی پێشمەرگەدا، تا ئێستا توانراوە، گوندەکانی: ئەبوجنە، دۆمیز و سەربازگەی دۆمیز، گڕڤڕ، گڕکاڤڕ، گڕچاڵ، عەزیزییە، بۆتێ، تل بخوور بە تەواوی لە تیرۆریستانی داعش پاک بکەنەوە،"
دەربارەی پێشرەویی زیاتری پێشمەرگەیش لە زوممار، سەرچاوەکە دەڵێ، "لە ئێستادا پێشمەرگە لە نێو شارۆچکەی زوممار لەگەڵ داعشدا لە جەنگدایە، بەڵام بە بەرگریێکی کەمی تیرۆریستان، هەڵبەت لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ دراون، هاوکات لە هەردوو ناوچەی تەلمووس و موفرییش، شەڕ درێژەی هەیە و چاوەڕوان دەکرێ، بەم زووانە لە چنگ تیرۆریستانیان دەر بێننەوە."
ئەو سەرچاوەیە هاوکات دەربارەی هێزە بەشداربووەکانیشەوە لە بەرپاکردنی ئەو هەڵمەتە فراوان و قارەمانانەیدا بۆ KDP.INFO–ی ئاشکرا کرد کە، "هەریەک لە هێزەکانی، فەرماندەییی زێرەڤانی، فەرماندەیی هەڵگوورد، هیزی پشتیوانیی یەک، فەرماندەیی دهۆک، هێزی ژینگەی دهۆک، خۆبەخشانی لقی 8-ی پارتی، لەشکری تایبەتی 2، لیوای چواری هاوبەشی سە بە وەزارەتی پێشمەرگە."
بەپێی زانیارییەکان، لە سەرلەبەیانییەوە، داعش توانیویەتی بە لاوازی بەرگری بکات، ئەمە سەرباری ئەوەی کە، هەرچیی هێزی باش و چەک و پلانی نوێی هەبووە لەو میحوەرە نیشانی داوە، چونکە زۆر بە لایەوە گرینگ بووە کە، زوممار لەبن دەستیدا بمێنێتەوە، بەڵام زیانی گەورەیان لە ڕووی کوژراو و تێکشکاندنی پێداویستییە سەربازییەکانیان پێ گەییشتووە.