Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی پێشمەرگە: دەروازەی هاوكاریی كۆبانی، كلیلەكەی سەرۆك بارزانییە.. یەكەیەكی هێزی پشتیوانی بە چەكی قورسەوە ڕەوانە دەکرێ

هەولێر-KDP.info-  وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەرگریکارانی کۆبانی پێویستیان بە چەكی قورس هەیە، بۆ ئەوەی بتوانن هاوسەنگیی شەڕەكە لە بەرگرییەوە بۆ هێرشبەری بگۆڕن، بۆیە هێز ڕەوانە دەکرێ و، گوتیشی، دەروازەی هاوكاریی كۆبانییش، هەرێمی كوردستانە و كلیلەكەیشی لەلای (سەرۆك بارزانی)ـیە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان عەمید (هەڵگورد حیكمەت)، بە KDP.info راگەیاند: "ئەوەی ئەم دوانیوەڕۆیە پەرلەمانی كوردستان بریاری لەبارەیەوە دا، بە نووسراوێكی فەرمی ئاراستەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەكرێت و، دواتر بڕیار لای جەنابی سەرۆك دەمێنێتەوە چەند زووتر ئەو بڕیارە واژۆ دەكات، پاش واژۆكردنیش، جارێكی دی دەگەڕێتەوە و فەرمان دەدات بە وەزارەت و وەزیری پێشمەرگە، بۆ ئەوەی ڕێکاری دیاریكردنی هێز و پێكهاتەی و قەبارەی هێزەكە و جۆری چەكەكانی، هاوکات ڕەوانەکردنی جێبەجێ بکات، کە ئەمانە هەمووی کاری وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت كە دیاری بكات."
پێوەست بە جۆری چەكەكان و ژمارەی ئەو هێزەی بۆ كۆبانیی رۆژئاوای كوردستان دەڕوات (حیكمەت) گوتی: "ژمارەی ئەو هێزەی کە ڕەوانە دەکرێ، هێشتا دیار نییە، هەڵبەت ئەوەی كە گرینگە و ئێمە دەیزانین كە لەسەر داواكاریی رۆژئاوای كوردستانیش بووە، هێزە بەرگریکارەکانی کۆبانی پێویستیان بە چەك هەیە، زیاتر چەكی قورسیشیان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانن بەرگری لە شارەکە بكەن، جگە لە بەرگریش، هاوسەنگی و میحوەری شەڕەكە لە بەرگرییەوە بۆ هێرشكردن بگۆڕن، بۆئەوەش پێویستیان بە چەكی قورس هەیە، لەبەر ئەوە مەبدەئییەن وەزارەتی پێشمەرگە چەكی قورس دەنێرێت و لەگەڵ چەكە قورسەكەیش یەكەیەكی هێزی پێشمەرگە، یاخود یەكەیەكی هێزی پشتیوانیی كوردستان پێویستە ڕەوانە دەکات، چونكە ئەو چەكەی كە ڕەوانە دەکرێ هەمووی چەكی هێزی پشتیوانی دەبێت، هەنگاوێکی دیکە ئەوەیە، بە لای هاوپەیمانانی نێودەوڵەتییەوە، دەروازەی هاوكاریكردنی كۆبانی لە رۆژئاوای كوردستان، هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەیە و، كلیلەكەیشی لەلای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و جەنابی (سەرۆك بارزانی)-یە."
(هەڵگورد حیكمەت) ڕوونی کردەوە: "چەكەكان بە هێزەوە دەچن، هەڵبەت ئێمە ئێستا ئەندامی هاوپەیمانییەتیێكی نێودەوڵەتین، ئەم هاوپەیمانیەتییەیش هەندێ‌ ئەرک و پابەندبوونی خستووەتە سەر هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە، یەكێک لەوانە وەها دەخوازێ، كە هەر چەكێك كە ئێمە وەریدەگرین بڕیار وایە کە هێزی پێشمەرگەی كوردستان خۆی بە كاریان بێنێت، دیارە بۆ كوبانییش هەر وا."

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، پەرلەمانی کوردستان، لەسەر داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پرسی ڕەوانەکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بۆ پشتیوانیی کۆبانیی ڕٶژئاوای کوردستان، خستە بەر باس و بە کۆی دەنگی پەرلەمانتاران، ئەو داوایە پەسند کرا، کە بەبڕیارێکی بێ پێشینە و مێژوویی و گرینگ ناو دەبرێ.

KDP.info