Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

تەڤدەم و ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد، رێککەوتنی دهۆکیان واژۆ کرد

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنی ڕۆژئاوای کوردستان. دهۆک-ئەمڕۆ

دهۆک -KDP.info-هەردوو ئەنجوومەنی رۆژئاوای کوردستان کۆتاییان بەو ناکۆکییانە هێنا، کە لە ماوەی رابردوودا لە نێوانیاندا هەبوون و بڕیاریان دا، بە یەکەوە رووبەڕووی هەڕەشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان ببنەوە و رێککەوتنێکی هەمەلایەنەیان بە ناوی رێککەوتنی دهۆک واژۆ کرد.

کەمێک پێش ئێستە لە شاری دهۆک، کۆبوونەوەی 9 رۆژەی هەردوو ئەنجوومەنی رۆژئاوای کوردستان (ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا – ئەنەکەسە) و (ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژئاوا- تەڤدەم) کۆتایی هات.
نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان(حەمید دەربەندی) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا رایگەیاند، لە ماوەی ئەم 9 شەو و رۆژەدا زۆر بە وردی هەموو خاڵەکان لە نێوان هەردوولادا باس کراون و، لە کۆتاییشدا رێککەوتنێکی هەمەلایەنە بە ناوی رێککەوتنی دهۆکەوە واژۆ کراوە.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا (ئاڵدار خەلیل) وتاری هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنی ڕۆژئاوای خوێندەوە و تێیدا جەختی کردەوە، لەسەر داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)، هەردوو ئەنجوومەنەکە درێژەیان بە گفتوگۆکانیان داوە و لە کۆتاییشدا لە سەر هەموو خاڵەکان رێککەوتوون.
(ئاڵدار) دووپاتی کردەوە، هەردوو ئەنجوومەنەکە لە سەر بەشداریی هەموو پێکهاتەکان لە کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان و بەرگریکردن لە رۆژئاوای کوردستان رێککەوتوون.
هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا، لە گوتەیەکدا، پێزانینی خۆیانی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک سەرۆکێکی نەتەوەیی و خەمخۆری کۆی کوردان لە هەر چوار پارچەی کوردستان ڕاگەیاند و گوتی، "(سەرۆک بارزانی)، زۆر پەرۆش بوو تا ئێمە نێو ماڵمان یەکخەین و بە هەموومان پارێزگاری لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەین و هەر ئەوەیشە کە گەلی ڕۆژئاوای کوردستان لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی دەخوازێ، کە پێشمەرگە و شەڕڤانان، هاوشانی یەکدی بەرەوڕووی تیرۆریستانی داعش ببینەوە."
گرنگترین خاڵەكانی رێككەوتننامەكە بریتین لە مەرجەعیەتێكی سیاسی هاوبەش، ئیدارەی هاوبەش و هێزێكی هاوبەش.