Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

غەریب حەسۆ: بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکایەتیی ھەرێم، ساڵح موسلم دێتە ھەولێر

نوێنەری پەیەدە لە ھەرێمی کوردستان(غەریب حەسۆ)

ھەولێر-KDP.info-  نوێنەری پەیەدە لە ھەرێمی کوردستان دەڵێت، وەها بڕیارە رۆژ دووشەممە (ساڵح موسلم)، سەردانی ھەولێر بکات و لەگەڵ سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستانەوە کۆ ببنەوە.

نوێنەری پەیەدە لە ھەرێمی کوردستان(غەریب حەسۆ) بە kdp.infoی راگەیاند: "وەها بڕیارە رۆژی دووشەممە ھاوسەرۆکی پەیەدە(ساڵح موسلم)، لەسەر داخوازیی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، بێتە ھەولێر و لەگەڵ سەرۆکایەتیی ھەرێمیش لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان کۆ ببێتەوە."
نوێنەری پەیەدە لە ھەرێمی کوردستان گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێک باس دەکرێن، بەڵام رەوشی رۆژئاوای کوردستان، بە تایبەت کۆبانی، پرسی سەرەکیی کۆبوونەوەکە دەبێ.
(غەریب حەسۆ) ڕوونیشی کردەوە، "سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ھەرێم پشتگیریی خۆیان بۆ کۆبانی راگەیاندووە، کە ئەمەش جێگەی سوپاسە و ھێوادارین لە بواری پراکتیکیەوەیش ھاوکاریی رۆژئاوای کوردستان بکرێت."
سەبارەت بە ھاتنی ئاوارەکانی کۆبانییش بۆ ھەرێمی کوردستان، (حەسۆ) گوتی، خەڵکی رۆژئاوای کوردستان ھەرێمی کوردستان بە ماڵی خۆیان دەزانن و ھەست ناکەن ئاوارەن، بەڵکو ھەست دەکەن لەسەر خاکی خۆیانن و خزمەتیشیان لەلایەن ھەرێم پێشکەش کراوە.
لەبارەی رەوشی کۆبانێوە (حەسۆ) زیاتر گوتی: "ماوەی 27رۆژە شەڕێکی سەخت لە کۆبانێ بەردەوامە و، رۆژ بە رۆژیش ھێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر کۆبانی زیاتر دەبێت و لە سێ قۆڵەوە، ھێرشی سەر کۆبانی دەکرێت، لە رۆژھەڵات و رۆژئاوا و باشوورەوە، بەڵام زیاتر لە رۆژھەڵات ھێرش دەکرێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە ڕێی باکوور بۆ کۆبانی بگرن و ھاتوچۆ قەدەخە بکەن و، بە تەواوەتی گەمارۆی بدەن، بەداخەوە هێشتایش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ھاوکاریی کۆبانی نەکراوە."

بڵند ئیبراھیم