Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حكوومەتی هەرێم بۆ UN: هیچ جیاوازییەك لە نێوان هاووڵاتیانی هەرێم و پەنابەرانی رۆژئاوادا ناكەین

هەولێر-KDP.info-  حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەكی پڕاكتیكی و یاسایی وەڵامی راپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان دەداتەوە كە تایبەتە بە رەوشی ژیانی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان لە هەرێم و دەشڵێت، حكوومەتی هەرێم هیچ جیاوازییەك لە نێوان هاووڵاتیانی هەرێم و پەنابەرانی رۆژئاوادا بۆ دەستپێڕاگەییشتن بە خزمەتگوزاریی تەندروستی، هەلی كار و خوێندنی قوتابیان و نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی ناكات و لە زۆربەی بوارەكانیشدا ئاسانكاریی كردووە.

لە راپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، ئاماژە بە چەندین بواری وەك ئازادیی هاتوچۆ، هەلی كار و خوێندن، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی ژنان، دەستپێڕاگەییشتن بە خزمەتگوزاریی تەندروستی و بوارەكانی دیكە كراوە.

سەرۆكی لیژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان (د. دیندار زێباری)، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، شێواز و میكانیزمەكانی حكوومەتی هەرێمی بۆ پێشوازی و یارمەتیدانی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان خستە ڕوو و رایگەیاند، حكوومەتی هەرێم هیچ جیاوازییەك لە نێوان هاووڵاتیانی هەرێم و پەنابەرانی رۆژئاوادا بۆ دەستپێڕاگەییشتن بە خزمەتگوزاریی تەندروستی، هەلی كار و خوێندنی قوتابیان و نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی ناكات و لە زۆربەی بوارەكانیشدا ئاسانكاریی كردووە، بۆ ئەوەی پەنابەرانی رۆژئاوا ئاساییش و پێداویستییەكانی ژیانیان مسۆگەر بكرێت.
سەبارەت بە ئازادیی هاتوچۆی پەنابەرانی رۆژئاوایش، (زێباری) ئاماژەی بە پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێبوون كرد كە دەتوانن بە هۆی ئەم مۆڵەتەوە بە ئازادی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا هاتوچۆ بكەن. هەروەها گوتی كە تەواوی ئەو ماف و ئەركانەی لە یاساكانی هەرێم بۆ هاووڵاتیان دابین كراون، بەسەر پەنابەرانی رۆژئاوایشدا بە شێوەیەكی یەكسان جێبەجێ دەكرێن.
سەرۆكی لیژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، تیشكی خستە سەر ئەو ئاسانكاریانە كە بۆ درێژەپێدان بە خوێندنی منداڵانی پەنابەرانی رۆژئاوا لە لایەن حكوومەتەوە گیڕاونەتە بەر، بۆ ئەوەی بتوانن لە تەواوی قۆناخەكانی خوێندندا درێژە بە خوێندن بدەن. بۆ ئەم مەبەستە ئاماژەی بە كردنەوەی دەیان قوتابخانە و سەنتەری فێركردن و راهێنان كرد كە سیستەمی پەروەردەی هەرێم باوەشی بۆ هەزاران قوتابیی پەنابەر كردووەتەوە و راهێنانیشی بە سەدان مامۆستای رۆژئاوا كردووە.
لە بەشێكی دیكەی وەڵامی راپۆرتی نەتەوەیەكگرتووەكاندا سەبارەت بە توندوتیژیی خێزانی، (زێباری) تیشكی خست سەر یاساكانی هەرێم كە یەكسانیی نێوان ژن و پیاو بە یاسا رێك خراوە و كوشتنی بە بیانووی شەرەف بە تاوان هەژمار دەكرێت و چەندین یاسا و رێنمایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان دەركردووە و تا ئاستێك توانیویەتی پێش بە توندوتیژیی خێزانی و توندوتیژیی بەرانبەر ژنان بگرێت كە 45 كەیسی جۆراوجۆری توندوتیژی بەرانبەر ژنانی رۆژئاوا تۆمار كراون. هەروەها باسی لە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم كرد كە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان كار دەكات بۆ ئەوەی كە ژنانی پەنابەر لە مافە یاساییەكانیان بە تەواوی ئاگادار بن و ئاستی هۆشیارییان بەرز بكرێتەوە.
پاراستنی ئاساییشی پەنابەرانی رۆژئاوا، تەوەرێكی گرینگی راپۆرتی نەتەوەیەكگرتووەكان بوو كە سەرۆكی لیژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان سەبارەت بەم پرسە ئاماژەی بە هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ رێكخستنی هاتوچۆی ناو كەمپەكان، دانانی بنكەی پۆلیس، دادگەی تایبەت، كردنەوەی سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان و گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی بۆ نەهێشتنی هەر جۆرە سەرپێچییەك كرد. 
لە بواری دەستپێڕاگەییشتنی پەنابەران بە خزمەتگوزاریی تەندروستی، (دیندار زێباری) ئاماژەی بە كردنەوەی سەنتەری تەندروستیی ناو كەمپەكان كرد و رایگەیاند، لە نەخۆشخانەكانی هەرێم وەك هاووڵاتیانی هەرێم مامەڵە لەگەڵ ئاوارە و پەنابەران دەكرێت. تەنیا لە پارێزگای دهۆك 30 هەزار راوێژی پزیشكی بە پەنابەران دراوە كە 15 هەزاریان ژن بوونە. رێوشوێنەكانی تەندروستیی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە نەخۆشییەك بۆ پەنابەرانیش دەگیرێنە بەر.
لە بواری دەرفەتی كار بۆ پەنابەرانی رۆژئاوا، سەرۆكی لیژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان گوتی، پەنابەرانی رۆژئاوا مافیان پارێزراوە بۆ كاركردن لە كەرتی تاییەتدا، تەنانەت هەندێكیان وەك گرێبەست لە فەرمانگە حكوومییەكان كار دەكەن. لە بازاڕی كار لە هەرێم مافی یەكسان بۆ هاووڵاتیان و ئاوارە و پەنابەران رەخساوە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای قەیرانی دارایی، درێخیی لە دابینكردنی پێداویستیی پەنابەرانی رۆژئاوا نەكردووە و بەپێی توانای خۆی هەولًَی چارەكردنی ئەم بوارەی داوە، كە تا ئێستا حكوومەتی فیدڕاڵ هیچ یارمەتییەكی دارایی بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی رۆژئاوا بۆ هەرێم نەناردووە. نەتەوە یەكگرتووەكان نەیتوانیوە وڵاتانی كۆمەكبەخش رازی بكات بە پێدانی یارمەتیی دارایی بە هەرێم بۆ هاوكاركردنی پەنابەرانی رۆژئاوا. وڵاتانی زلهًێز و نەتەوەیەكگرتووەكان نەیاتوانیوە گوشارێكی جیددی لەسەر بەغدا دروست بكەن بۆ ئەوەی كە لە بواری مرۆیی و یارمەتیدانی ئاوارەكانی ناوخۆیی و پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستاندا ئەركی خۆی جێبەجێ بكات.