Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێشمەرگە هێرشێكی دیكەی داعشی لە گوێڕ تێك شكاند.. بە چەكی قورس لە تیرۆریستان دەدرێ

گوێڕ-KDP.info- بەرپرسێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە میحوەری گوێڕ دەڵێت، ئەمڕۆ جارێكی دیكە چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر هێزی پێشمەرگە، بەڵام بە توندی وەڵامیان درایەوە و هێرشەكەیان تێك شكێندرا.

بەرپرسی ناوچەی رزگاریی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە بەرەكانی جەنگ لە میحوەری گوێڕ (هێمن باییز) بە kdp.info-ی راگەیاند، دوای ئەوەی دوێنێ لە میحوەری گوێڕ هێرشێكی داعش تێك شكێندرا، گورزێكی كوشندەیان لێ وەشێندرا و ژمارەیەك چەكدار كوژران، ئەمڕۆیش جارێكی دیكە لە ناوچەی ئەبزەغ هێرشیان كردەوە، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە چەكی قورس وەڵامیان دانەوە و هێرشەكەیان تێك شكێندرا و هەڵاتن.

سەبارەت بە زیانەكانیش، (هێمن باییز) گوتی، خۆشبەختانە هێزی پێشمەرگە هیچ زیانێكی بەر نەكەوت و نایشزانرێت زیانەكانی ئەوان چەند بووە، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە سەختی مۆڵگەكانی ئەوانیان بۆردوومان كرد، ئێستایش هێزی پێشمەرگە بۆ هەر هێرشێكی لەناكاو لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، لە ئامادەباشیی تەواودان.

بڵند ئیبراهیم