Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری پێشمەرگە: مالیکی لە دواکەوتنی چەک بەرپرسیارە.. پێشمەرگە بە تەنیا شەڕی داعش دەکات

وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(مستەفای سەیدقادر)

هەولێر-KDP.INFO-  وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بەغدا و بە تایبەت(مالیکی) هۆکاری دواخستنی هاوکاریی سەربازییە، کە هەندێک وڵات بۆ بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکانی پێشمەرگە، داویانە بە هەرێمی کوردستان، تا لە شەڕی دژ بە داعش بە کاری بهێنن.

(مستەفای سەیدقادر)، لە دواخستنی گەیاندنی چەک بە دەست پێشمەرگە، بە تایبەت بەرپرسارەتیی دواخستنەکەی خستە ئەستۆی سەرۆکوەزیرانی ماوەبەسەرچوو(نووری مالیکی) و گوتی، "حکوومەتی فیدراڵ هاتنی هەر فڕۆکەیەک کە هاوکاریی سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان بێنێت، مەرجدار کردووە و دەیەوێ بەرلەوەی لە فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بنیشنەوە، یەکەم جار بچنە فڕگەی نێودەوڵەتیی بەغدا، تا بزانێت جۆری ئەو چەکانە چین کە نێردراون، ئینجا ڕێ دەدات بگەنە هەرێمی کوردستان. دیارە کە بۆ ئەم پرسەیش ڕاوێژ لە نێوانماندا هەیە، بەڵام ئەم ڕێکخستنەیش هۆکاری دواکەوتنی چەکە بۆ هەرێمی کوردستان."

وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(مستەفا سەیدقادر)، هاوکات بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی ڕاگەیاندووە، دۆخی ئێستای پێشمەرگە لە هیی بەر لە گەیاندنی کۆمەکی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان باشترە.
دەربارەی پرۆسە سەربازییەکان و لە کوێ کۆتاییان دێت، دەڵێت، "لە قۆناخی یەکەمدا، ئامانجمان ئەو ناوچانەنە کە لە دەستمان دابوون و پاراستنیانە، دواتر دەردەکەوێ کە هەنگاوەکانمان چۆن دەبن. گفتوگۆمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا هەیە بۆ دیراسەی ئەم پرسە، ئەگەر هاتوو پلانێک هەبێ بۆ پێشڕەویی زیاتر، ئەوا ئەو کات قسەیەکمان دەبێ و هەم ئامادەیییشمان دەبێ، ئەم کارەیش لە شکاندنی گەمارۆدانی ئامرلیدا بەرجەستە بوو"، ڕوونی کردەوە "ئەگەر پێوەندی و هەماهەنگی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و ئاساییش و هێزەکانی حکوومەتی فیدرالدا بۆ داڕشتنی پلانێک، ئەوا وەک ئەوەی سلێمان بەگ و ئامرلی دەبێ."

دەربارەی پاشەکشەی پێشمەرگەیش لە هەندێ ناوچەدا نموونەی شنگال، (سەیدقادر) گوتی، "هۆکارگەلێک هەبوون و یەکێک لەوانە، خراپی و کۆنیی ئەو چەکە بوو کە بە دەست پێشمەرگەوە بوو، کە پێویستیان بە نوێکردنەوە هەیە، هەروەها کەمیی تەقەمەنی، چونکە ئەمانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمن و ئەو ئاگربارانە چڕەی کە داعش لە سەرەتادا کردی، بەس نەبوون، هۆکاری دووەمیش ئەوەیە کە، نەمانتوانیوە لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕووی چەک و تەقەمەنی و پێداویستیی سەربازییەوە بکەین بە هێزێکی ڕێکخراو کە ڕۆڵی سەرەکی لەو بەرەووبوونەوەیەدا بینی. هۆکاری سێیەمیش، پێوەستە بە مەودای نێوان پێشمەرگە و داعش، هێزەکانی پێشمەرگەیش لەپڕ بەرپرسارەتیی ناوچەیەکی فراوان و بێ ئامادەکاری گرتە ئەستۆ، هاوکات هەندێ لە سەرکردەکانمان نەیانتوانی ئەرکی خۆیان باش ڕابپەڕێنن و، بێئەوەی لەسەرووی خۆیانەوە فەرمانیان پێ بکرێت، پاشەکشەیان کرد و نەیانتوانی پاشەکشەیان ەبشێوەیەکی ڕێکخراو بێت."
زیاتر ڕوونی کردەوە، "هۆکارێکی دیکە، بوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەیە کە کارەکەی قورستر کرد، لەبەر ئەم هۆکارانەیش بوو کە سەرۆکی هەرێم(مەسعوود بارزانی) کە هاوکات فەرماندی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەیە، لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی پاشەکشە پێک هێناوە."
ئەو دەربارەی شەڕی پێشمەرگەیش لەگەڵ داعش و توانا بەرگرییەکەی دەڵێ، "جگە لە هێزەکانی پێشمەرگە و ئاساییش هێشتا هیچ هێزێکی دی لە بەرەکانی جەنگ نین، ئێمە جگە لە کەمیی چەک و تەقەمەنی هیچ گرفتێکی دیکەمان نییە، داوایش لە هیچ واڵاتێک ناکەین سەرباز بۆ کوردستان بنێرن، چونکە ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە باشە و هەروەها ژمارەیەکی زۆری خۆبەخشیشمان هەن و هاووڵاتیانیش ئامادەیی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش نیشان داوە."
گوتیشی، "ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە دەگاتە 150هەزار کە لە شەڕی داعشدا بەشدارن، هاوکات هێزەکانی ئاساییش و زێرەڤانی و دژەتیرۆر و پۆلیسیش هاوکاریی دەکەن."
پێوەست بە هاوکاریی یەکە سەربازییەکانی عێراق لە پرۆسەکاندا، وەزیری پێشمەرگە دەڵێ، "جیا لەو یەەک سەربازییەی کە لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ، هیچ یەکەیەکی سەربازیی سوپای عێراق لە هیچ یەک لە هێرش و پرۆسەکانی دیدا، هاوکاریی پێشمەرگەیان نەکردووە."

زریان زیاد