Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەنزین بۆ تەکسی و پاس 500 و بۆ ئەوانی دیکەیش بە 900 دینار دەبێ

هەولێر-KDP.INFO-  ئەنجوومەنى هەرێمى بۆ کاروبارى نەوت و گاز بڕیاری دا، نرخى  یەک لیتر بەنزین بۆ تەکسى و پاس 500 دینار بێـت و لە رێگەى کۆبۆن دابەش دەکرێت، نرخى بەنزین بۆ تەواوى ئۆتۆمبیلەکانى تر بەبێ کۆبۆن، دەبێتە 900 دینار، هەروەها نەوتى سپى بۆ دابەشکردنى ئەمساڵ، بۆ هاووڵاتیان وەک خۆى دەمێنێت واتە بە 160 دینار بۆ هەر لیترێک. بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی حکوومەت، ئەم رێوشوێنانە پەیوەستن بەم بارودۆخە نائاساییە و لە کاتى گەڕانەوەى دۆخى ئاسایى بوونەوەى هەرێمى کوردستان، پیاچوونەوە بەم بڕیارانە دەکرێت.
ئەنجوومەنى هەرێمى بۆ کاروبارى نەوت و گاز، دوابەدواى چەندین کۆبونەوەى یەک بە دواى یەک لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان و لە لایەن وەزارەت و ناوەندە پەیوەندیدارەکان بە قەیرانى سووتەمەنى لە هەرێمى کوردستان، هەروەها دواى چەندین دانیشتن لەگەڵ لیژنەى پیشەسازى و وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانى پەرلەمانى کوردستان، تاوتووى دیارىکردنى نرخى بەنزین و شێوازى دابەشکردن و دۆزینەوەى میکانیزمێکى گونجاو بۆ تێپەڕاندنى قەیرانى سووتەمەنى لە هەرێمى کوردستان کردووە، بۆیە بەلەبەرچاوگرتنى بارودۆخى شەڕ و پەلامارەکانى شەڕانگێزى دەوڵەتى تیرۆریستیى داعش، کە تیایدا هەرێمى کوردستان لە ئێستادا لە شەڕێکى نەخوازراودا رووبەڕووى تیرۆریستاندایە.
حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئەرکێکى قورسى کەوتووەتە سەرشان، لە دابینکردنى پێداویستییەکانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان، کە ئەمرۆ لە سەنگەرەکانى بەرگرى لە خاکى پیرۆزى کوردستاندان، سەرەڕاى ئەم بارودۆخە حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئەرکێکى گەورەترى لە ئەستۆدایە ئەویش خزمەتکردن و دابینکردنى پێداویستییەکانى زیاتر لە (850000) هەشتسەدوپەنجا هەزار ئاوارەى دەرئەنجامەکانى شەڕن، کە لەئێستادا لە هەرێمى کوردستاندان و کە و وەک ئەوە وایە ئێستا پارێزگایەکى تر بۆ هەرێمى کوردستان زیاد بوو بێت. هەروەها لە لایەکى تر حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەردەوامە لە دابینکردنى دەوا و دەرمان و سەرجەم خزمەتگوزارییە گشتییەکانى تر بۆ هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان بە ئاوارەکانیشەوە.
سەرەڕاى بڕینى بەشەبودجەى هەرێم، کە ماوەى هەشت مانگە بودجە لە حکوومەتى ناوەندى بۆ هەرێمى کوردستان نەهاتووە و حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەردەوامە لە دابینکردنى مووچەى خەڵک و فەرمانبەران.
زۆر لەو گوشار و قورساییانەى کە کەوتووەتە ئەستۆى حکوومەت، ئەندامانى بەرێزى پەرلەمان لە لیژنەى پیشەسازى و وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان هاورا بوون کە بەڵێ حکوومەت تووشى قەیران بووە. بە شێوازێکى روون، فرۆشتنى نەوت خراوەتە بەردەم  ئەندامانى بەرێزى پەرلەمان و هەموو ئەو پاڵپشتیانەى کە حکوومەت دەیدات بۆ بوارە جیاجیاکانى هەرێم باس کراوە .
سەربارى هەموو ئەمانە حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە دوابڕیارى، لەسەر نرخى سووتەمەنى و بەنزین هەوڵی داوە چین و توێژەکانى کۆمەڵ و خەڵکى ئاسایى لەبەرچاو بگیرێت، بەشێوەیەک زۆرینەى خەڵک تیایدا سوودمەند بن و لە بەرژەوەندیى زۆرینەى هاووڵاتیاندا بێت، هەروەها گرتنەبەرى رێوشوێنى یاسایى و تۆکمە بۆ زامنکردنى کوالێتیی بەنزین بە جۆرێک خاوەن بەنزینخانەکان و ئەوانەى هاوردەى بەنزین دەکەن، گەر سەرپێچیی رێنماییەکانى کوالیتیى بەنزین بکەن  سزا بدرێن و، گرتنەبەرى دارشتنى میکانیزمى نوێ بۆ سەرپەرشتیکردنى  فرۆشتن و دابەشکردنى سووتەمەنى دەگیرێتە بەر.
بۆیە لە دانانى نرخەکاندا، نرخى بەنزین و سووتەمەنى بۆ ئۆتۆمبێلەکانى تەکسى و پاس بەهەند وەرگیراوە و هەروەها لە دانانى نرخەکاندا رەچاوى بەرژەوەندیى گشتى و بەرپرسیارەتیى ئەم قۆناخە و رەوشى ئێستاى هەرێمى کوردستان کراوە، هەر بۆیە بۆ دانانى نرخى بەنزین و گازواییل و نەوتى سپى بڕیار درا:-
1-نرخى  یەک لیتر بەنزین بۆ تەکسى و پاس 500 دینار بێـت و لە رێگەى کۆبۆن دابەش دەکرێت.
2-نرخى بەنزین بۆ تەواوى ئۆتۆمبیلەکانى تر بەبێ کۆبۆن دەبێتە 900 دینار.
3- نەوتى سپى بۆ دابەشکردنى ئەمساڵ بۆ هاووڵاتیان وەک خۆى دەمێنێت واتە بە 160 دینار بۆ هەر لیترێک.
ئەم رێوشوێنانە پەیوەستن بەم بارودۆخە نائاساییە و لە کاتى گەڕانەوەى دۆخى ئاسایى بوونەوەى هەرێمى کوردستان، پیاچوونەوە بەم بڕیارانە دەکرێت.