Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی پەروەردە: لە 10ـی 9ـوە دەوامی ئاساییی خوێندن دەست پێ دەکاتەوە

ھەولێر-KDP.INFO-  وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەینێت، ئەوان سوورن لەوەی ساڵی نوێی خوێندن لە کاتی خۆیدا دەست پێ بکات و جەختیش دەکاتەوە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوانی

دڵنییا کردووەتەوە کە یەکەم چادر دابنرێت بۆ ئاوارەی ناو قوتابخانەکان دەبێت.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان (ھاجەر داوود ئەحمەد) بە kdp.infoی راگەیاند: "وەزارەتی پەروەردە هێشتا سوورە لەوەی کە لە 10/9/2014-ەوە دەوامی ئاساییی ساڵی نوێی خوێندن دەست پێ بکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە تا ئێستا ئەو ئاوارانەی سنووری قەزای دھۆک، لە ناو زیاتر لە 700 قوتابخانەدان."
(ھاجەرداوود ئەحمەد) گوتیشی: "دەستەڵات بە بەرێوبەرە گشتییەکان دراوە و مەرج نییە لە ھەموو پارێزگاکان تاقیکردنەوەکان لە یەک کات ئەنجام بدرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند، "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باسی لەوە کردووە، یەک خێمە بۆ ئاوارەکان دروست بکرێت، بۆ ئەو ئاوارانە دەبێت کە لەناو قوتابخانەکاندان، ئەمەیش بۆ ئەوەیە کە پرۆسەی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان رانەگیرێت."
زیاتر گوتی، "ئەگەر لە دھۆکیش خوێندن بۆماوەی مانگێک دوابخرێت، ئەوا لە پارێزگاکانی دیکە دەوام لە کاتی خوێ دەست پێ دەکات و لە کۆتاییی ساڵی خوێندن مانگێک درێژ دەکرێتەوە، بەڵام هێشتا بڕیار نەدراوە دوابخرێت."

بڵند ئیبراھیم