Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرپرسی لقی دوو: راستییەكانی مەخموور روون دەكەینەوە.. هاوكارانی داعش دەبێت سزای خۆیان وەربگرن

مەخموور- KDP.INFO- بەرپرسی لقی دووی هەولێری پارتیی دیموكرانی كوردستان دەڵێت، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا راستییەكان روون دەكەنەوە و سەرجەم وردەكارییەكان و بەرنامەی داهاتوویشیان دەخەنە روو، دەشڵێت، ئەوانەی بوونە هاوكاری داعش و رۆڵیان هەبووە لە خراپەكاری، دەبێت سزای خۆیان وەربگرن.
بەرپرسی لقی دووی پارتی لە هەولێر(عەلی حوسێن) لە قەزای مەخموورەوە بە تەلەفۆن  بە KDP.INFO-ی ڕاگەیاند، "ئێمە دیراسەیەكمان كردووە لەسەر قەزای مەخموور و هەموو ناحیەكانی لەگەڵ ئەو شوێنانەی پێویست بوو بپارێزرێن، لەگەڵ گرینگیی ئەو ناوچەیە، بۆیە سبەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن لە قەزای مەخموور ئەنجام دەدەین و تێیدا بە شێوەیەكی گشتی لەو رووداوانەی ئەم دواییەی كوردستان و بەتایبەت قەزای مەخموور بۆ دەزگاكانی راگەیاند و هاووڵاتیان روونی دەكەینەوە و خاڵە لاوازەكانی  ناوچەكە و ئازادكردنی گوێڕ و قەزای مەخموور و باقرت و سەرجەم دێهاتەكان روون دەكەینەوە و سەرجەم وردەكاریەكانی ئەو دەڤەرە و بەرنامەی داهاتوومان دەخەینە روو بۆ ئەوەی هەم راستییەكان ڕوون ببنەوە و هەمیش خەڵك دڵنیا بكەین كە لە گەڕانەوەیاندا ژیانیان پارێزراوە."
گوتیشی: "هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەو هێزەیە باوەڕپێكراوەیە و ئەو چەكانەیشی بە دەستەوەیە كە دەتوانێت خەڵك و دەڤەرەكەش بپارێزێت بەردەوامیشە لەسەركەوتنی بەردەوام و شكانی چەكدارانی تیرۆریستی داعش."
پێوەست بە هاوكاریی هاووڵاتیانی عەرەبی دێهاتەكان لەگەڵ چەكدارانی داعش (عەلی حوسێن) گوتی: "لە هەندێك لە دێهاتی عەرەبی و خەڵكی ئەو دێهاتانە هاوكاریی چەكدارانی تیرۆریستی داعشیان كرد و شوێنیان كەوتن، بە تەئكید ئەوانەی بوونە هاوكار و چوونە نێو چەكدارانی تیرۆریستی داعشەوە و ڕۆڵیان هەبووە لە خراپەكاری، دەبێت سزای خۆیان  وەربگرن، بەرنامەشمان هەیە بۆ ئەو شوێنانەی كە بوونەتە مۆڵگەی ئەو خەڵكە خراپەكارانە، پێشمەرگەش لە پێشرەویدایە و بە دڵنیاییەوە سەركەوتن بۆ گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستانە."