Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هاوكارییەکانی حكوومەتی هەرێم گەیەنرایە مەسیحییەكانی چیای مەقلوب

بەردەڕەش-KDP.INFO-  هاوکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی گەیەنرایە، ژمارەیەک لەو مەسیحیانەی كە لە باڵاخانەی دێر مارمەتی لە سەر چیای مەقلوب گیرساونەتەوە.
قایمقامی قەزای بەردەڕەش(شێخ سەردار شێخ یەحیا) KDP.INFO-ی ڕاگەیاند، "پاش ئەوەی لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە لە میحوەری باشیك ئاگادار كراینەوە كە شوێنێكی مێژوویی و ستراتیژی هەیە لە سەر چیای مەقلوب و كۆمەڵێك خێزانی مەسیحی لەوێ‌ نیشتەجێ‌ بوون، کە بە هۆی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش روویان لەوێ‌ كردووە، ئەمڕۆ كۆمەڵێك هاوكاری کە خۆراك و پێداویستیی ناو ماڵ و سووتەمەنیمان گەیاندە ئەو شوێنە و بەسەر ئەو خێزانانەی لە دێر مارمەتی دابەش گیرساونەتەوە دابەش كرد."
(شێخ سەردار) گوتیشی: "هاوکات لەگەڵ گەیاندنی هاوکارییەکە، پەیامی پشتیوانیی خۆمان وەكو حكوومەتی هەرێم و ئیدارەی قەزای بەردەڕەش بە مەتران و خێزانە مەسیحییەكانی ئەوێ‌ گەیاند و، هەروەها هێزێكی پێشمەرگەیش یاوەری ئێمە بوون، بەوانیان ڕاگەیاند كە بەردەوام دەبن لە پاراستنی مەسیحییەکان تا دوادڵۆپی خوێن دەیانپارێزین."
ئەم هاوكاریانە لە سەر بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)  و پارێزگاری دهۆك، لە لایەن قایمەقامیەتی قەزای بەردەڕەشەوە گەیەنرایە دێر مارتی.
دێر مارمەتی، كۆنترین دێری مەسیحییەكانە لە سنووری پارێزگای مووسڵ و دەكەوێتە سەر چیای مەقلوب و 35 كم لە سەنتەری شاری مووسڵەوە دوورە .

نەشوان بەرزنجی