Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاندی دانوستانکاری کورد: لە یەکەم کۆبوونەوەماندا، داوای گەرەنتیمان کرد.. سبەی لەگەڵ (عەبادی)-دا کۆ دەبینەوە

ئاڵای کوردستان و عیراق

بەغدا-KDP.INFO-  ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری کورد دەڵێت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا، ھاوپەیمانیی نیشتیمانی ددانی ناوە بەوەی لە ڕابردوودا بە ھۆی خوو و کرداری کەسییەوە، کۆمەڵێک کەموکوڕی هاتوونەتە ئاراوە و پێویستە چارە بکرێن.

ئەندامی شاندی دانوستانکاری کورد (زانا ڕۆستایی) بە kdp.infoی راگەیاند: "ئەمڕۆ، شاندەکەی ئێمە لەنێو خۆماندا کۆ بووینەوە بۆ ئامادەکردنی کارنامەی خۆمان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکان و، بڕیار درا سەرەتا ڕای لایەنەکان وەربگرین و بگەڕێینەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد تاوتووی بکەین، کە ئەمە قۆناخی یەکەم دەبێت و لە قۆناخی دووەمیشدا داواکارییەکانی خۆمان بخەینە ڕوو.. دوای یەکەم کۆبوونەوەمان، لەگەڵ سەرۆککۆماریشدا کۆ بووینەوە بۆ ئەوەی ڕای ئەویش وەربگرین و سوود لە بیروبۆچوونی ئەویش وەربگرین."
(ڕۆستایی) ڕوونی کردەوە، "ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ ھاوپەیمانیی نیشتیمانیدا کۆ بووینەوە و لە کۆبوونەوەکەدا ئەوان ددانیان نا بەوەی کە لە ڕابردوودا کۆمەڵێک کەموکوڕی کە لە ئەنجامی خوو و کردار(مزاج)-ی کەسییەوە هاتوونەتە ئاراوە، پێویستە چارە بکرێن.. لە ھەمان کاتدا ئەوان پەلەیانە لە پێکھێنانی حکوومەت و داوا دەکەن ئێمە نەرمی بنوێنین و لە ڕووی پرەنسیپەوە رێک بکەوین، دواتر بێینە سەر وردەکارییەکان."
ئەو ئەندامەی شاندەی دانوستانکار زیاتر ڕوونی کردەوە، "ئێمە داوای گەرەنتیمان کردووە دەربارەی ھەر رێککەوتنێکی نێوانمان و گوتوومانە دەبێ، نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و مەرجەعەکان ئامادە بن، چونکە لە ڕێککەوتنەکانی ڕابردوو و بەڵًێنەکان ئەزموونێکی باشمان نییە.. هەروەها لە کۆبوونەوەماندا ھیچ وەرەقەیەکمان نەداوەتە دەست ئەوان."
ھاوکات گوتی: "ئێمە باسمان لەوە کرد کە داوکارییەکانی ئێمە ڕوونن کە پرسی خاک و پێشمەرگە و ئابوورین و گوتمان ئەگەر بتانەوێ بگەینە رێککەوتن، پێویستە بودجەی ھەرێم بگەڕێننەوە و دواتر بە یاسا پرسی بودجە و نەوت بە تەوافوق چارە بکرێت."
(زانا رۆستایی) ئاماژەیشی دا، برٍیارە سبەی بە تەنیا لەگەڵ (حەیدەر عەبادی)-دا کۆ ببینەوە و دواتریش لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیدا کۆ دەبینەوە."

بڵند ئیبراھیم