Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دوازانیاریی کۆی ھێرش و پێشڕەوییەکانی ئەمڕۆی پێشمەرگە.. زۆر شوێنیان لە دەست داعش دەرهێناون

ژمارەیەک پێشمەرگە لە سنووری باشیک لە سەنگەردان.

ھەولێر-KDP.INFO-  وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەینێت، ئەمڕۆ هەینی، ھێزەکانی پێشمەرگە لە چەندین میحوەرەوە ھێرشیان بۆ سەر چەکدارانی داعش بەرپا کرد و توانیویانە چەندین ناوچە پاک بکەنەوە و زیانێکی زۆریش بە ڕیکخراوی تیرۆریستیی داعش بگەیەنن.

بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان(عەمید ھەڵگورد حیکمەت) بە kdp.infoی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە میحوەری جەلەولا ھێزەکانی پێشمەرگە بە ھاوکاریی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە چوار قۆڵەوە ھێرشیان بەرپا کردووە و پێشڕەوی باشیان کردووە و وەها بڕیار بوو بچنە ناو جەلەولاوە، بەڵام نەچوون."
(عەمید ھەڵگورد حیمەت) گوتیشی: "هێزەکانی پێشمەرگە لە قۆڵی خانەقین - جەلەولایش تا مەفرەقی ئەنھار، پێشڕەویان کردووە و لە قۆڵێکی دیکەیشەوە تا بەرزاییەکانی ناوچەی کوباشی رۆییشتوون و لە قۆڵێکی دیکەوە وادی عەسجییان پاک کردووەتەوە و تەنیا کیلۆمەترێکیان ماوە بگەنە جەلەولا و، لەلای بازگەی نەقشبەندییش تا گوندی حوسێنییە پێشڕەوییان کردووە"، ئاماژەیشی دا، "ھیزەکانی پێشمەرگە لە ناحیەی سەعدییەش نزیک بوونەتەوە و مەبەستی سەرەکیی ھێزەکانی پێشمەرگەیش ئەوەیە کە، سەعدیە کۆنترۆڵ بکەنەوە."
بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند: "لە ئاکامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان، داعش زیانی زۆری بەرکەوتووە."
(حیکمەت) زیاتر گوتی، "ھەر ئەمڕۆ لە میحوەری گوێڕ ھێزەکانی پێشمەرگە 15کم پێشڕەوییان کردووە و تا گوندی زومماریشیان پاک کردووەتەوە."
ئەوەشی خستەڕوو کە، "لە میحوەری زومماریش، ئەمڕۆ ھێزەکانی پێشمەرگە گوندی پەھلیجیان پاک کردووەتەوە و پێشڕەویی باشیان کردووە.. ئەو گوندە لە مەفرەقی بەنداوی مووسڵ - زوممارە و نزیکترین گوندە لەو ناوچەیە ئاوەدانی ھەبێت و، لە قۆڵێکی دیکەشەوە ھێزەکانی پێشمەرگە پێشڕەوییان کردووە و نزیکەی دوو(کم)-یان ماوە بگەنە زوممار، بەڵام نەچوونەتە ناو زوممار و داعشیش دەستیان کردووە بە تەقاندنەوەی باڵاخانەکانی ئەو شارۆچکەیە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە لەو ناوچەیە دەکشێنەوە، چونکە لەھەر ناوچەیەک بشکێنەوە زۆربەی باڵاخانەکانی دەتەقێننەوە."

بڵند ئیبراھیم