Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کۆمسیۆنی پەنابەران: 700هەزار ئاوارەی عێراق لە کوردستان گیرساونەتەوە

ژمارەیەک ئاوارەی کوردانی ئێزدی، کە بە هۆی هەڕەشەکانی داعشەوە، شوێن و ماڵی خۆیان جێ هێشتووە.

هەولێر-KDP.INFO-  کۆمسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نزیکەی 700هەزار عێراقی کردووە کە بە هۆی هەڕەشەکانی داعشەوە ماڵ و شوێنی خۆیان جێ هێشتووە.

گوتەبێژ بە ناوی کۆمسیۆنەوە(ئەدریان ئیدواردز)، ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "هەرێمی کوردستانی عێراق، لە ئێستادا پێشوازی لە نزیکەی 700هەزار ئاوارەی عێراقی کردووە کە زۆربەیان لە سەرەتای مانگی حوزێران-یونیۆی ڕابردوودا ڕوویان لە کوردستان کردووە."

زۆربەی ئاوارەکان لە قوتابخانە، مزگەوت، کڵێسا و باڵاخانە تەواونەبوو و شوێنی دی نیشتەجێ کراون.

کۆمسیۆنی پەنابەران لە چوارشەممەی ڕابردووەوە، هاوتای دەستگای خێرخوازیی بارزانی و کۆمەکی پێشووتری هەندێ وڵاتی ئەورووپایی و هیی دیکەیش، هاوکاریی ئەو پەنابەرانە دەکەن کە، بەدەست هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

ئەو پرۆسەی هاوکارییەی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بۆ ئاوارەکانی هەرێمی هێناوە و 2400 تۆنە، دابەشکردنی 10 ڕۆژ دەخایەنێت.

 

 

زریان زیاد