Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەزگای ڕاگەیاندنی پارتی و یەكێتی لیژنە پێک دێنن.. پلانی كاری هاوبەش و پێكەوەیی دادەڕێژن

کۆبوونەوەی مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتی و دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی. ئەمڕۆ هەینی

هەولێر-KDP.INFO-  مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتی و دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی، ئەمڕۆ هەینی کۆ بوونەوە و، تێیدا پابەندیی خۆیان بە پرەنسیپە نیشتیمانییەكان و بەها مەدەنی و بنەماكانی پێكەوەژیان و پێشكەوتنی كوردستان دووپات كردەوە و هەر چ گوتارێكیش كە زیان بەو بنەمایانە دەگەیەنێت، ڕەتی دەكەنەوە و رێگەیش نادەن ببێتە بابەتی بڵاو كردنەوە و بەدواداچوونی میدیایی.هەروەها بڕیاریان دا، لیژنەیەكی هاوبەش پێك بهێنرێت بۆ داڕشتنی پلانەكانی كاری هاوبەش و پێكەوەیی لە هەموو بوارەكاندا كە وەكو پڕۆژەیەكی میدیایی دەخرێتە بەردەستی پارتی و یەكێتی بۆ پەسەندكردنی.

 

دەقی ڕاگەیاندراوی كۆبوونەوەی هاوبەشیدەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان:

 

"بۆ تاوتوكردنی پرسی ڕاگەیاندن لەم قۆناغەدا، كە وەرچەرخانێكی هەستیارە لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان و، ئەزموونی دیموكراسی و مەدەنیەت و پرەنسیپەكانی پێكەوەژیان و گەشەكردنی كۆمەڵایەتی و ئابووری كەوتوونەتە بەر هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش، مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە سەرپەرشتیی هەڤاڵان (ئەرسەلان باییز و مەحموود محەممەد) كۆ بوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی ئەو تەوەرانەوە كرد كە دەشێ‌ بابەت بن بۆ بارگرژیی راگەیاندن، كە دەرەنجامەكەی زیانگەیاندنە بە هاو وتاری و یەكڕیزیی گەلەكەمان لە پشتەوەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان، كە داكۆكیی دلێرانە لە گەلەكەمان و بەها و دەستكەوتەكانی و هەموو نەتەوە و پێكهاتە ئایینییەكان و ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارە و هەموو ئەوانە دەكات كە لە دەستی دڕندەیی داعش رایان كردووە و هانایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە و، هاوكات پێشمەرگە دلێرەكانی كوردستان لە پێشڕەویدان بۆ تێكشكاندنی هێزی شەمشەمە كوێرەكانی جەهالەت.

دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان و مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، پابەندیی خۆیان بە پرەنسیپە نیشتیمانییەكان و بەها مەدەنی و بنەماكانی پێكەوەژیان و پێشكەوتنی كوردستان دووپات كردەوە و هەر چ گوتارێكیش كە زیان بەو بنەمایانە دەگەیەنێت، رەتی دەكەنەوە و رێگە نادەن ببێتە بابەتی بڵاو كردنەوە و بەدواداچوونی میدیایی.

هەردوولا ئەم قۆناغە بە هەستیاریی خۆیەوە درك دەكەن و دەیكەنە بنەما بۆ كارەكانی ڕاگەیاندن كە كەمترین دیاری و پشتیوانییە بۆ گەلەكەمان و پێشمەرگە نەبەردەكانی كوردستان و، گۆرزێكیشە لە داعش و نەیارانی گەلەكەمان دەسرەوێنرێ‌.

 هەروەها كۆبوونەوە بڕیاری دا لیژنەیەكی هاوبەش پێك بهێنرێت بۆ داڕشتنی پلانەكانی كاری هاوبەش و پێكەوەیی لەهەموو بوارەكاندا كە وەكو پڕۆژەیەكی میدیایی دەخرێتە بەردەستی پارتی و یەكێتی بۆ پەسەندكردنی.

 

دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی                                                      مەكتەبی ڕاگەیاندنی

پارتیی دیموكراتی كوردستان                                                     یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان

 

22ی ئابی 2014"