Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حاکمی تێکساس، توانایەکی حەقیقیی لەڕاددەبەدەر هەیە، ئەندامانی داعش، لە سنووری باشوورەوە بێنە نێو ئەمەریکاوە

حاکمی ویلایەتی تێکساسی ئەمەریکا(ڕیک پێری)

هەولێر-KDP.INFO-  حاکمی ویلایەتی تێکساسی ئەمەریکا(ڕیک پێری) بە دووری نازانێت، لە سنوورەکانی باشوورەوە چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی دزە بکەنە نێو خاکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەمەیش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی دیکەیش هۆشدارییان لە مەترسیی داعش داوە.
(پێری) دوێنێ پێنجشەممە لە گوتەیەکیدا کە لە دامەزراوەی کولتووریی لە واشنتۆن پیشکەشی کرد، گوتی: "توانایەکی حەقیقیی لەڕاددەبەدەر هەیە، ئەندامانی داعش، لە سنووری باشوورەوە بێنە نێو ئەمەریکاوە."
ئەو حاکمەی تێکساس پاساوەکانی لە دۆخی ئەمنیی سنووری باشوووری وڵاتەکەیەوە گرتووە، بەڵام ئاماژەیشی دا کە، هێشتا بەڵگەی ئەوتۆ لەمڕووەوە بەردەست نین.
ئەو هاوکات ئەو هەڵمەتە ئاسمانییە سنووردارانەی کە (سەرۆک ئۆباما) بۆ بەرگرتن لە پێشڕەویی داعش لە عێراق بەرپای کردوون، دایە بەر ڕەخنە و گوتی: "کاتێ قسە لەبارەی هەڵمەتە ئاسمانییە دیاریکراوەکان دەکەن، جەخت لە دەستەواژەی (دیاریکراو) دەکەنەوە، ئەمە سەباری ئەوەی کە وەشاندنی گورزە سەربازییەکان پێویستیان بە زیادکردن هەیە.. بێجگە لە پێویستیی بەردەوامیی هەڵمەتی ئاسمانی، بۆ گەمارۆدان و تێکشکاندنی میلیشیای داعش هیچی دی لە ئارادا نییە."
هیچ بەرپرسێکی دیکە پیشتر قسەیان لەبارەی هەبوونی ئاماژە بە دزەکردن و چوونی ئەندامانی داعش بۆ نێو خاکی ئەمەریکا نەکردووە، ئەمە سەرباری ترسیان لە گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکایی و ڕۆژئاواییانەی کە لە ئێستادا لە ڕیزەکانی داعشدا لە سووریا و عێراق شەڕ دەکەن، بەڵام وەزیری بەرگری(چاک هیگڵ) هۆشداریی دا لەوەی کە داعش تەنیا ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بێ.

سی ئێن ئێن- زریان زیاد