Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی: کوردستان بە سەقامگیری و ئاشتی دەمێنێتەوە

دیداری (سەرۆک بارزانی) و شاندی پاتریاكەكانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمڕۆ

هەولێر-KDP.INFO-  لە دیداریاندا لەگەڵ (سەرۆک بارزانی)، شاندی پاتریاكەكانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستان ڕاگەیاند بۆ حەواندنەوەی ئەو ئاوارانەی بەهۆی هەڕەشەی تیرۆریستان ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە و ئەوەیان خستەڕوو كە سەردانی كوردستانیان كردووە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە دۆخی ئاوارەكان ببینن و جیهانی لێ ئاگادار بكەنەوە هانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدەن كە پاڵپشتی هەرێمی كوردستان بن. لەبەرانبەردا (سەرۆک بارزانی) ئەو دڵنیاییەی دایە شاندی میوان كە كوردستان بە ناوچەی سەقامگیری و ئاشتی و ئارامی دەمێنێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری هەولێر (سەرۆک مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە شاندی پاتریاكەكانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد كە پێكهاتبوون لە سەرۆكی كەنیسەی مارۆنیی كاسۆلیك پاتریاك كاردینال (مار بشارە بتروس ئەلڕاعی) و سەرۆكی كەنیسەی ڕۆمی مەلەكیی كاسۆلیكی و پاتریاك (مار گریگریۆس لەحام) و سەرۆكی كەنیسەی سریانی كاسۆلیك پاتریاك (مار ئێگناتیۆس یووسف)-ی سێیەمی یۆنان و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی كاسۆلیك پاتریاك (مارلوییس ساكۆ) و قەداسەتی پاتریاك (مار ئێگناتیۆس ئەفرامی دووەم) سەرۆكی كەنیسەی سریانیی ئەرتۆدۆكس و مەترانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە كوردستان و ڕووسیا مەتران (مار ئیسحاق) و مەتران (بشار وەردە) مەترانی عەنكاوە و هەولێر.
لە دیدارێكدا شاندی پاتریاكەكانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستان ڕاگەیاند بۆ حەواندنەوەی ئەو ئاوارانەی بەهۆی هەڕەشەی تیرۆریستان ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە و ئەوەیان خستەڕوو كە سەردانی كوردستانیان كردووە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە دۆخی ئاوارەكان ببینن و جیهانی لێ ئاگادار بكەنەوە هانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدەن كە پاڵپشتی هەرێمی كوردستان بن و وا بكرێت كە ئاوارەكان بە ڕێز و سەربڵندییەوە بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان. شاندی پاتریاكەكانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیوای گەڕانەوەی ئاشتی و ئارامی و سەرخەستنی پەیامی (سەرۆك بارزانی)-یان خواست كە لێبوردەیی و پێكەوەژیان و ئاشتیی نێوان پێكهاتەكانی عێراقە.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی پاتریاكەكانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی كرد و سوپاسی كردن و ڕایگەیاند هاتنیان پەیامێكی بەهێزی پشتگیرییە بۆ گەلی كوردستان و ئەو دڵنیاییەی دایە شاندی میوان كە كوردستان بە ناوچەی سەقامگیری و ئاشتی و ئارامی دەمێنێتەوە.

(سەرۆك بارزانی) ئاماژەیشی بەوەدا كە خوشك و برا مەسیحییەكان لەوە دڵنیا بن كە تیرۆریستان تێك دەشكێندرێن و ئەم بارودۆخە كۆتایی دێت و داوایشی كرد كە بیر لە كۆچكردن نەكەنەوە و لە وڵاتی خۆیان بممێننەوە و پێویستە ئیرادەی مانەوەیان بەهێز بێت بۆ ئەوەی هەموو لایەكمان پێكەوە بە ئازادی بژیین و بەرگری لە وڵاتەكەمان بكەین.
هەر لەم دیدارە (سەرۆك بارزانی) ڕۆڵی وڵاتانی دۆستی گەلی كوردستانی لە یارمەتیدان و پاڵپشتیكردنی كوردستان بە بەرز نرخاند و هیوایشی خواست ئەو پاڵپشتییە فراوانتر ببێت.