Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی خۆراك و هاوكاریی بۆ 6500 خێزان لە بەردەڕەش و خانكێ دابین كرد

دهۆك-kdp.info- بۆ هاوكاریكردن و یارمەتیدانی زیاتری پەنابەرانی مەسیحی و ئێزدی لە شیلادزێ و پارێزگای دهۆك و دەوروبەری و ناحیەی سێمێل و كەمپی بەحركە, دەزگای خێرخوازیی بارزانی خۆراك و پێداویستیی رۆژانە بەسەر 6500 خێزانی پەنابەردا دابەش دەكات, هاوكات لە كەمپەكانی شاریا و خانكێ و تەناهی و كەنداڵاو لالش لە رێگەی خواردنگەوە بە شێوەیەكی بەردەوام سێ ژەم خواردن بەسەر 155.700 كەسی پەنابەردا دابەش دەكرێ.

رۆژی 20/8/2014 لە درێژەی كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە مەبەستی دابەشكردنی كۆمەك و هاوكاریی زیاتر بۆ پەنابەرانی مەسیحی و ئێزدی و كوردی شەبەك لە شاری دهۆك بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (مووسا ئەحمەد) و بە هاوكاریی كۆنسووڵگەریی ئیمارات دەست كرا بە دابەشكردنی خۆراك و پێداویستی بەسەر 2200 خێزانی پەنابەری شنگال, هاوكات لە كەمپی خانكێ بە هەمان شێوە خۆراك و پێداویستییان بەسەر 4200 خێزانی پەنابەردا دابەش كرد.
ئەمەو جگە لە چەندین خواردنگەی تایبەت كە ژەمەخواردن بۆ پەنابەرانی كەمپەكانی شاریا و خانكێ و كەنداڵا و تەناهی و لالش دروست دەكات و بە شێوەیەكی رێكوپێك دابەشی سەریان دەكرێت كە ئێستاكە ژمارەیان گەیشتووەتە زیاتر لە 155.700 پەنابەر. هاوكات لە ناحیەی شیلادزێ ئۆفیسی دەزگا بەردەوامە لەسەر دابەشكردنی معەلەبات و سەموون و قاپ و قاچاخ بەسەریاندا و تێیدا 17 خێزانی پەنابەر كە تازە روویان لە ناوچەكە كردبوو، هاوكاری كران.
لەلایەكی دیكەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی خۆراكی جیهانی و وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە خواردنی گەرم بۆ هێزەكانی پشتیوانی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەرەكانی (باشیك و خازر و گوێڕ و مەخموور) دروست دەكات, بۆ ئەمڕۆیش خواردنیان بۆ 2300 پێشمەرگەی هێزی پشتیوانی دروست كرد و لە رێگای تیمی تایبەتەوە رەوانەی میحوەرەكان كرا.
هاوكات لە كەمپی بەحركە لە درێژەی كار و چالاكییەكانی ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بۆ پەنابەرانی كوردی شەبەك بە شێوەیەكی بەردەوام پێداویستیی پەنابەران دابین دەكەن هەر لە دابینكردنی خێمە و ترمزی ئاو و ئاوی خواردنەوە و بەتانی و دۆشەك و بالیف و ...هتد.