Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی خۆراك و پێداویستی بۆ سێ هەزار پەنابەری شنگال و دەوروبەری دابین دەكات

دهۆك-kdp.info- بە مەبەستی هاوكاریكردن و یارمەتیدانی زیاتری پەنابەرانی مەسیحی و ئێزدی لە شارۆچكەی شەقڵاوە و شیلادزێ و پارێزگای دهۆك و دەوروبەری و ناحیەی سێمێل و كەمپی بەحركە, دەزگای خێرخوازیی بارزانی خۆراك و پێداویستیی رۆژانە بەسەر 3000 خێزانی پەنابەردا دابەش دەكات. هاوكات لە كەمپەكانی شاریا و خانكێ و تەناهی و كەنداڵا و لالش لە رێگەی خواردنگەوە بە شێوەیەكی بەردەوام سێ ژەم خواردن بەسەر 155 هەزار و 500 كەسی پەنابەردا دابەش دەكرێ.

رۆژی 19/8/2014 لە درێژەی كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە مەبەستی دابەشكردنی كۆمەك و هاوكاریی زیاتر بۆ پەنابەرانی مەسیحی و ئێزدی و كوردی شەبەك لە شاری دهۆك، تیمەكانی دەزگا لەسەر پردی سحێلا بە شێوەیەكی بەردەوام كێك و شەربەت بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەش دەكەن كە دەپەڕنەوە سنووری هەرێمی كوردستان, هاوكات لە ناحیەی سێمێل تیمەكانی دەزگا هەستان بە دابەشكردنی خواردنی جۆراوجۆر لەوانە: 8 قوتووی گۆشتی سوور لەگەڵ 8 قوتووی گۆشتی مریشك لەگەڵ مرەبا و دەرمان چا و فاسۆلیا و 2 كیلۆ شەكر و نان و كێك و شەربەت بەسەر 2400 خێزانی پەنابەری شنگال, ئەمەو جگە لە چەندین خواردنگەی تایبەت كە ژەمەخواردن بۆ پەنابەرانی كەمپەكانی شاریا و خانكێ و كەنداڵا و تەناهی و لالش دروست دەكات و بە شێوەیەكی رێكوپێك دابەشی سەریان دەكرێت كە ئێستاكە ژمارەیان گەیشتووەتە زیاتر لە 155 هەزار و 500 پەنابەر.
هاوكات لە ناحیەی شیلادزێ ئۆفیسی دەزگا هەستا بە دابینكردنی غاز و معەلەبات و سەموون  و قاپ و قاچاخ بەسەر 300 خێزانی پەنابەردا. لەلایەكی دیكەوە و لە شارۆچكەی شەقڵاوە ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی رۆژانە بەردەوامن لەسەر دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگێك بەسەر پەنابەرانی مەسیحی و شەبەك و ئێزدیدا, ئەمڕۆیش 200 خێزان سوودمەند بوون.
هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی خۆراكی جیهانی و وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە خواردنی گەرم بۆ هێزەكانی پشتیوانی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەرەكانی باشیك و خازر و گوێڕ و مەخموور دروست دەكات, بۆ ئەمڕۆیش خواردنیان بۆ 2500 پێشمەرگەی هێزی پشتیوانی دروست كرد و لەرێگای تیمی تایبەتەوە رەوانەی میحوەرەكان كرا. هاوكات لە كەمپی بەحركەیش لە درێژەی كار و چالاكییەكانی ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بۆ پەنابەرانی كوردی شەبەك، هەستان بە دابەشكردنی شیر و پێداویستی بەسەر 400 منداڵی كەمپەكەدا لەگەڵ دابەشكردنی 200 موبەریدە بەسەر خێزانەكانی كەمپەكەدا.