Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. كەمال كەركووكی: تا گێڕانەوەی ئارامی بۆ كوردستان. لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان بەردەوام دەبین

دوبز-KDP.INFO-  ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان (د. كەمال كەركووكی) ڕایدەگەیەنێًت، لە كاتی بەسەركردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەدا، لەگەڵ چەكدارانی تیرۆریستی داعشدا رووبەڕوو بوونەتەوە و بێ زیان دەرچوون. دەشڵێت، "لە بەرگریكردن لە خاكی كوردستان بەردەوام دەبین تا بە تەواوەتی ئارامی بۆ گشت كوردستان و هەموو ناوچەكان دەگەڕێنینەوە".

ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان (د. كەمال كەركووكی) لە سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگەوە بە KDP.INFO-ی راگەیاند، "ئەمڕۆ لەگەڵ تیمێكی پێشمەرگە سەردانی شارۆچكەی دووبزمان كرد و بە بینینی دیمەنی ئەو لاوە خۆبەخشانەی كە ئێستا دەستبەرداری كاری خۆیان بوون و خۆبەخشییان هەڵبژاردووە و سەنگەری پێشمەرگە و بەرگری لە خاك و نیشتمانیان كردووەتە ئەركی لەپێشینەیان، زۆر دڵخۆش بووین و لە نزیكەوە لەگەڵیان دانیشتین و دەستخۆشیمان لێ كردن بۆ ئەو كارە پیرۆزەی هەڵیان بژاردووە و ئەو مەعنەویاتە بەرزەی هەیانە، دلنَیایشمان كردنەوە كە چەكدارانی تیرۆریستی داعش بە هێز و بازووی پێشمەرگە و كوڕە خۆبەخش و خۆنەویستەكانی وڵات زیاتر لەو سنوورە دوور دەخرێنەوە".
(كەركووكی) گوتیشی، "هەر لە سەردانەكەماندا بۆ شارۆچكەی دوبز سەردانی لیژنەی ناوچەی دوبزمان كرد و لەگەڵ بەرپرسی ناوچە و كارگێڕ و ئەندامانی ناوچە و جەماوەرێكی زۆری سنوورەكە كە لە بارەگای ناوچە ئامادە بوون، كۆبوونەوەمان كرد و لە نزیكەوە گوێمان لێ گرتن كە بە راستی بە دڵسۆزی و ئامادەیی و ورەبەرزیی ئەو جەماوەرە هەستمان بە دڵخۆشی كرد كە شاعیرێكی دڵسۆزی كوردیش ئامادە بوو لەگەڵمان و بە خوێندنەوەی چەند پارچە شیعرێكی نەتەوەیی بەشداری كۆڕی دڵسۆزانی وڵات بوو".
دەشڵێت، "ورەبەرزی و ئامادەیی پێشمەرگەی كوردستان لە سەنگەرەكان و بەرگرییان لە سەقامگیریی شارەكەیان و سەلامەتیی هاووڵاتیان، ئارامیی زیاتری بۆ ئەو ناوچانە دروست كردووە و خەڵكیش دڵنیان لە هێزی پێشمەرگە كە ئارامیی زیاتریان بۆ دەستەبەر دەكەن". 
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ئاماژەیشی دا، "لە كاتی بەسەركردنەوەی برایانی پێشمەرگەمان لە چەند شوێنێك لەگەڵ چەكدارانی تیرۆریستی داعش ڕووبەڕوو بووینەوە و سوپاس بۆ خوای گەورە كە برایانم هەموویان سەلامەتن و بێ زیان دەرچووین".  
كەركووكی گوتیشی، "ئێمە لە بەرگریكردن لە خاكی كوردستان بەردەوام دەبین تا بە تەواوەتی ئارامی بۆ گشت كوردستان و هەموو ناوچەكان دەگەڕێنینەوە".
فەرەیدوون ئیبراهیم