Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی عەونی: تێوەگلانمان لە شەڕی داعش، ویستی هەندێک دەوڵەت بوو.. باجی پەیامی سەربەخۆییە

هەولێر-KDP.INFO- بەرپرسی لقی 20-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە شێخان، باس لە پێشڕەویی پێشمەرگە لە چەند قۆڵێكەوە دەكات و ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە داعش ئامانجی لە هێرشەوە بۆ بەرگری و ڕاكردن گۆڕاوە. دووپاتیشی کردەوە، لەم دۆخەدا هەندێك دەوڵەت ویستیان ئێمە لە شەڕی داعشەوە بگلێنن، چونكە داعش دەستێكی دەرەكی لە پشتە و ئەوەیشی كە بەسەر كوردستان داهاتووە، باجی ئەو پەیامەیە كە داوای سەربەخۆیی دەكات.

بەرپرسی لقی 20-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە شێخان (عەلی عەونی) بۆ KDP.infoگوتی، "لە زۆرێك لە شوێنەكان داعش لە حاڵەتی بەرگری و ڕاكردندایە، بە جۆرێك پێشووتر لە ناوچەكانی شەلالان هێرشیان دەكرد، بەڵام ئێستا هێرشەكانیان كەم بوونەتەوە، چونكە بەشێكی زۆری هێزەكانیان داڕماون، بەڵام هێشتا هیچ فەرمانێك بۆ ئێمە نەهاتووە كە هێرش بكەین."

 (عەونی) ئەوەیشی خستە ڕوو كە پێشمەرگە ئێستا لە زۆرێك لە میحوەرەكانەوە دەستكەوتی باشی بە دەست هێناوە و پێشڕەویی زۆری كردووە، بە تایبەتی لە خازر و گوندەكانی پێش تلكێف و بەنداوی مووسڵ.

بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی هیچ دەوڵەتێک بدات، دووپاتی کردەوە، "لەم دۆخەدا هەندێك دەوڵەت ویستیان ئێمە لە شەڕی داعشەوە بگلێنن، چونكە داعش دەستێكی دەرەكی لە پشتە و ئەوەیشی كە بەسەر كوردستاندا هاتووە، باجی ئەو پەیامەیە كە داوای سەربەخۆیی دەكات."

بەرپرسی لقی 20-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان ئاماژەیشی دا كە، "بە هەوڵی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چەندین وڵات هاتوونەتە پاڵ هەرێمی كوردستان و شەڕی داعش دەكەن، ئەوەیش تەواو دەرخەری بەهێزیی دیپلۆماسییەتی سەركردایەتیی كورد و جەنابی (سەرۆك بارزانی)ـیە، لە هەمان كاتدا چاوەڕێ دەكەین بە گەیشتنی ئەو چەك و تەقەمەنیانە پێشمەرگە لە قۆناخێكەوە بچێتە قۆناخێكی دیكە، چونكە بەشێك لە كەموكورتی ئەگەر هەبووبێت بە هۆی جۆری چەك و ژمارەی چەكەوەیە نەك توانای پێشمەرگەوە."