Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەکتەبی سیاسیی پارتی: کۆمەڵکوژیی گوندی کوچۆ، جینۆسایدە و دەبێ ڕێی لێ بگیرێ

هەولێر-KDP.INFO-  مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، لە بەیاننامەیەکیدا دەربارەی ڕووداوی دڵتەزێنی گوندی کوچۆوە وێڕای بە توندی ڕیسواکردنی ئەو تاوانە دەستەجەمعی و نامرۆییانەیەی دەوڵەتی خەلافەتی بەناو ئیسلامی، بەرامبەر بە برایانی كوردی ئێزدی، بە جینۆسایدی لە قەڵەم دەدات، هاوکات داوا لە وڵاتانی بڕیاربەدەستی جیهان و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاساییش و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكات، پەلەی بكەن لە ڕێگرتن لەو تاوانكارییە و بە كۆدەنگییەوە میكانیزمی بەپەلە رێك بخەن بۆ بەهاناهاتنی دانیشتوانی ئەو ناوچانە.

 

دەقی بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستاندەربارەی ڕووداوەكانی ئەمدواییەی قەزای شنگال و دەوروبەری:   

ئاشكرایە بەم دواییە  ناوچە كوردستانییەكان بە تایبەت ناوچەكانی كوردی ئێزدینشین و قەزای شنگال، لە لایەن دەوڵەتی خەلافەتی بە ناو ئیسلامی (داعش) ـەوە كەوتنە بەر پەلاماردان و خەڵكەكەی بوونە قوربانیی دەست ئەو تاوانبارانەی تەنانەت دەستیان لە پیر و منداڵ و ئافرەتیش نەپاراست و وێڕای ئەو ژمارە زۆرەی شەهید كران و بوونە قوربانی و دەستبەسەر كران، بە سەدانهەزار كەسی دیكەش لە خوشك و برایانی كوردی ئێزدی ئاوارەی چیا و چۆڵ و شار و شارۆچكە و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و دەوروری بوون، بەمەش كارەساتێكی مرۆیی لێ كەوتەوە، كە ویژدانی هەموو جیهانی هەژاند، بە تایبەتیش دواپەلاماری وەحشیگەرییان بۆ سەر كۆمەڵگەی(كۆچۆ) كە سەدان كەسیان قەتلوعام كردووە و ئەوانی دیكەیشیان لە ئافرەت و منداڵ دەستبەسەر كردوون و بۆ شوێنێكی نادیاریان بردوون، تیرۆریستان بەو كردەوە قێزەون و بێزراوانەیان، بە ڕوونی كوردستانی لانەی پێكەوەژیان و لێبوردەیی و ئارامیان كردووەتە ئامانج.

     ئێمە لەكاتێكدا كە زۆر بە توندی ئەو تاوانە دەستەجەمعی و نامرۆییانەی دەوڵەتی خەلافەتی بەناو ئیسلامی (داعش) ئیدانە و مەحكوم دەكەین و ئەو ڕەفتارانەیان بەرامبەر بە برایانی كوردی ئێزدی بە جینۆسایدی لە قەڵەم دەدەین، كە كارەساتێكی گەورەی مرۆیی كەموێنەیە و پێویست دەكات  وڵاتانی بڕیاربەدەستی جیهان و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاساییش و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، پەلەی لێ بكەن بۆ ڕێگرتن لەو تاوانكارییە و بە كۆدەنگییەوە میكانیزمی بەپەلە رێك بخەن بۆ بەهاناهاتنی دانیشتوانی ئەو ناوچانە.

    بە هەموو هێز و توانایشمانەوە وەك چۆن هەوڵمان داوە، زیاتر كار دەكەین چ لەسەر ئاستی ناوخۆ یا دەرەكی، بۆ بەهاناهاتنی خوشك و برایانی ئێزدی و پاڵپشتیكردنیان و ڕزگاركردنی شار و دێهاتەكانیان و گەڕانەوەیان بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان لە لایەك و لەلایەكی تریشەوە پاراستنی تەواوی خاكی كوردستان كە نموونەی پێشكەوتنی دیموكراسیەت و پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایین و ئایینزا جیاكان و یەكترقبووڵكردنە..

   پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ كەسوكاری قوربانییەكان ..

 دروود بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانكارییە نامرۆڤایەتییە..

  مەكتەبی سیاسیی

پارتی دیموكراتی كوردستان