Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی مژدەی دابینکردنی چەکی قورسی بە ھێزی پێشمەرگە دا

هەولێر-KDP.INFO-سەرۆکی ھەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) ئەمڕۆ چوارشەممە ھێزی پێشمەرگەی لە سنووری رەبیعە بەسەر کردەوە، فەرماندەی لیوای ھەشتی ھێزی پێشمەرگەیش لەو سنوورە دەڵێت، (سەرۆک بارزانی) مژدەی ئەوەی بە ھێزی پێشمەرگە دا، بەمنزیکانە چەکی قورسیان بۆ دابین دەکات.

فەرماندەی لیوای ھەشتی ھێزی پێشمەرگە لە سنووری رەبیعە(ھاشم سیتەیی) بە kdp.infoی راگەیاند: "مەبەست لە سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ لای ھێزی پێشمەرگە، بۆ سەردانی سەنگەرەکان و پیرۆزباییکردنی جەژن بوو لە پێشمەرگەکان و جەختی کردەوە کە کاری پێشمەرگایەتی کارێکی پیرۆزە و بە بیروباوەڕێکی تەواو ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن، نەک بۆ پارە."

(ھاشم سیتەیی)گوتیشی: "(سەرۆک بارزانی) داوای لە ئێمە کرد کە بەرگری لە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بکەن و ھاوکارییان بکەن و ھەر پێویستیێکیان ھەبێت بۆیان جێبەجێ بکەن."

ئەوەشی خستە ڕوو، "(سەرۆک بارزانی) موژدەی ئەوەشی بە ھێزی پێشمەرگە دا، سەرباری ئەوەی ئەو چەکەی لە بەر دەستی ھێزی پێشمەرگەدایە، بەمنزیکانە چەکی قورسیان بۆ دابین دەکەن، بۆ بەرگریکردن لە خاکی ھەرێمی کوردستان."

(سیتەیی) زیاتر ڕوونی کردەوە کە، ناوچەی رەبیعە لەلایەن ھێزی پێشمەرگە پارێزراوە و ھێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدانە و لە ئێستادا ئەو ناوچەیە ئارامە.

بڵند ئیبراھیم