Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی ئاوارەكانی كەمپی خازری بەسەر كردنەوە

سەرۆكي هەرێمي كوردستان(مەسعود بارزاني) سەرداني كەمپي خازري لە قەزاي خەبات كرد. ئەمڕۆ

هەولێر-KDP.INFO-   (سەرۆك بارزانی) ئاوارەكانی کەمپی خازری دڵنیا كردەوە كە، هەتا لە كوردستانن ژیان و ئاساییشیان پارێزراو دەبێت و، داوایشی لێ كردن كە، خۆڕاگر بن، چونكە ئەم دۆخە كاتییە و ئاوارەكان بە سەربەرزی بۆ شاری مووسڵ و بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەگەڕێنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی 7ـی 2014 سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعود بارزانی) بە یاوەریی ژمارەیەك بەرپرسی حكوومی و سیاسیی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی لەنزیك ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخی ئاوارەكانی شاری مووسڵ سەردانی كەمپی خازری لە قەزای خەبات كرد.

لەم سەردانەدا (سەرۆك بارزانی) وتەیەكی پێشكەشی ئاوارەكان كرد و لە تێیدا بەخێرهاتنی ئاوارەكانی كرد و پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزانی لێ كردن و بە ئاوارەكانی ڕاگەیاند كە، "ئێوە لە وڵاتی خۆتان و لەنێو خوشك و براكانی خۆتانن." (سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی باس كرد كە ئاگاداری كێشە و گرفتەكان و باری گوزەرانی ناخۆشی ئاوارەكانە لەگەڵ ئەوەیشدا داوای لە ئاوارەكان كرد كە خۆڕاگر بن، چونكە ئەم دۆخە كاتییە و ئاوارەكان بە سەربەرزی بۆ شاری مووسڵ و بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەگەڕێنەوە.

هەر لە قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بەوەدا كە "جێگەی داخە وەك پێویست نەتوانراوە خزمەتتان بكەین، بەڵام لەگەڵ گشت لایەك و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە پەیوەندی و كاركردنداین بۆ ئەوەی هاوكاری و یارمەتیی زیاتر بگەیەنرێتە خوشك و برا ئاوارەكانی مووسڵ."

 (سەرۆك بارزانی) ئاوارەكانیشی لەوە دڵنیا كردەوە كە هەتا لە كوردستانن ژیان و ئاساییشیان پارێزراو دەبێت و، هیوایشی خواست بە زووترین كات بگەڕێنەوە شاری مووسڵ و شاری مووسڵ شكۆ و شادیی جارانی خۆی بە دەست بهێنێتەوە.