Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خەڵكی مووسڵ گرووپی بەرەنگاربوونەوەیان پێک هێناوە.. سێ‌ چەكداری داعشیان کوشتووە

دوو لە چەکدارە کوژراوەکاني ڕێکخراوي توندڕۆي داعش.

مووسڵ-KDP.INFO-  ئەمڕۆ بەیانی، چەند چەكدارێكی نەناسراو هێرشیان كردە سەر چەكدارانی تیرۆریستی داعش و توانیویانە 3 چەكداریان لە دوو گەرەكی جیاوازی شاری مووسڵ لێ کوشتوون.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14 ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ(سەعید مەموزینی) بەKDP.INFO ی ڕاگەیاند: "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، چەند چەكدارێكی نەناسراو هێرشیان كردووەتە سەر چەكدارانی داعش لە نزیك گرتیگەی كۆن لە ناوەڕاستی شاری مووسڵ و توانیویانە دوو لە چەكدارانی داعش بكوژن و لە گەڕەكی ریفاعیش لە رۆژئاوای ئەو شارە، توانیویانە چەكدارێكی تری تیرۆریستی داعش بكوژن."

(مەمموزینی) گوتیشی: "ماوەی چەند رۆژێكە خەڵكی لە شاری مووسڵ بە ئاشكرا بێزاریی خۆیان دژی ڕەوتارەکانی چەكدارانی داعش نیشان دەدەن، لەو پێناوەیشدا گرووپی ئازادیخوازانی مووسڵیان بۆ دەركردنی چەكدارانی داعش پێک هێناوە."

(سەعید مەموزینی) زیاتر گوتیشی: "لە دوای تەقاندنەوەی مەزارگاكانی نەبی یوونس و نەبی شیت و نەبی جەرجیس و شوێنە پیرۆزەكانی تر، تاكو ئیستا چەندین چەكداری داعش كوژراون و بریندار كراون".

نەشوان بەرزنجی