Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرچاوەیەک: چەكدارانی سوننە دژ بەداعش، شەڕ بەرپا دەکەن

پاريزگاري نەينەوا(ئەسيل نوجێفي)

هەولێر-KDP.INFO-  پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند كە، لە ئێستادا یەكە میللییەكانی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە ناو شاری مووسڵ دەستبەكار بوون و لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەند پرۆسەیەكی سەربازییان دژ بەو رێكخراوە لە مووسڵ ئەنجام داوە. سەرچاوەیەکیش دەڵێت، ەل جەند ڕۆژی داهاتوودا، چەکدارانی سوننە و داعش شەڕ بەرپا دەکەن.

پاریزگاری نەینەوا(ئەسیل نوجێفی) لە لێدوانێكدا بۆ KDPرایگەیاند "بە تەواوەتی كاری پێكهێنانی چەند یەكەیەكی سەربازیی نهێنی لە مواسڵ كۆتایی هاتووە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوویشدا ئەو یەكە سەربازیانە توانیویانە چەند هێرشیك بۆ سەر داعش لەناو شاری مووسڵ ئەنجام بدەن."

(نوجێفی) ئاماژەی دا كە، "یەكەكان ئیستا لەناو شاری مووسڵدان و پشتیان بە پشتگیری و هەوڵە ناوخۆییەکان بەستووە لە ئەنجامدانی پرۆسەكانیان و لە چەكداركردنیان بەبێ پشتبەستن بە پشتگیریی دەرەكی."

 گوتیشی، "پرۆسە سەربازییەكان دژی داعش هەر بەردەوام دەبن تا دەركردنیان لە شاری مووسڵ، بەڵام ئەم كارە ماوەیەكی دەوێت."

لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار لە مووسڵەوە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بکرێت بە KDP-یراگەیاند: "ماوەی چەند رۆژیكە چەكدارانی داعش ڕووبەڕووی هێرشی چەكداری دەبنەوە لە لایەنێكی نادیارەوە، لە ئەنجامدا تا ئیستا نزیكەی شەش چەكداری ئەو رێكخراوە لە ناو مووسڵدا كوژراون."

پارێزگاری نەینەوا ئاماژەیشی دا، "لە ئیستادا هاووڵاتیانی مووسڵ بە تەواوەتی لە داعش و ڕەوتارەکانیان بێزار بوون، بە تایبەت پاش ئەوەی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە لە تەقاندنەوەی مەزارە ئایینییەكان و دەركردنی هاووڵاتیانی مەسیحی و شەبەك لە شاری مووسڵ درێخی نەکردووە."

 سەرچاوەكە پیشبینی كرد كە لە داهاتوویەكی نزیكدا شەڕ و پێكدادان لە نێوان گرووپە چەكدارییە سوننەكان و داعش لە مووسڵ دەست پێ بكات بە تایبەت دوای ڕاگەیاندنی جەنگ لەلایەن حیزبی بەعسەوە دژ بە چەكدارانی داعش.

شیاوی ئاماژەیە، هەفتەی ڕابردوو چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، دەستیان بە تەقاندنەوەی چەندین مەزارگەی ئایینی لە شاری مووسڵ كرد، لەوانە مزگەوتی پێغەمبەران یوونس و شیت و جەرجیس و چەندین مەزارگەی پیاوچاكانی دیكە كە مێژووی زۆربەیان بۆ پێش لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح دەگەڕێتەوە. ئەمە سەرەڕای دەركردنی هاووڵاتیانی مەسیحی شارەكە و سووتاندنی زیاتر لە 30 كڵێسا.

 

دڵشاد حوسێن