Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی هێزەكانی پێشمەرگەی لە میحوەری كەركووك بەسەر كردەوە

سەرۆک بارزاني سەنگەرەکاني پێشمەرگەي لە ميحوەري کەرکووک بەسەر کردەوە. ئەمڕۆ دووشەممە

هەولێر-KDP.INFO-  (سەرۆك بارزانی) لە وتەیەکیدا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە ڕایگەیاند "بە ئەركی خۆم زانیوە لە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزدا سەردانتان بكەم و سوپاستان بكەم و لە جیاتی هەموو خەڵكی كوردستان جەژنەپیرۆزەتان لێ بكەم." (سەرۆك بارزانی) هاوکات باسی ڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە كرد و ئاماژەی بەوەدا كە پێشمەرگە ئێستا مێژوو دروست دەكات و ئاییندەیش بۆ گەلەكەی بنیات دەنێت و ئەوەیش شەرفێكی گەورەیە و گوتی: "ئێوە خۆتان فیدا دەكەن بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بە ئازادی و سەربەستی بژیێت."

ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی 7ـی 2014 لە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوە و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانی لە میحوەری كەركووك بەسەر كردەوە.

 لە بەشێكی ئەم سەردانە مەیدانییەدا (سەرۆك بارزانی) سەردانی یەكێك لە بارەگاكانی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی دوبز كرد و لە لایەن ژمارەیەك بەرپرسی سەربازی و سیاسیی باڵای كوردستان كە پێكهاتبوون لە وەزیری پێشمەرگە (مستەفای سەید قادر) و بەرپرسی میحوەری كەركووكی هێزەكانی پێشمەرگە(حەمەی حاجی مەحموود) و (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) و هەروەها ژمارەیەك بەرپرس و فەرماندە و ئەفسەری سەربازی پێشوازی لێ كرا و لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان سەرەتا وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وتەیەكی كورتدا بەخێرهاتنی (سەرۆك بارزانی) كرد و ئاماژەی بەوەدا كە هێزەكانی پێشمەرگە زۆر بە باشی خۆیان ڕێك خستووە و قارەمانانە ئامادەی بەرگریكردنن لە كوردستان.

دواتر (سەرۆك بارزانی) وتەیەكی پێشكەش كرد و لە وتەكەیدا ڕایگەیاند كە "بە ئەركی خۆم زانیوە لە یەكەم ڕۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزدا سەردانتان بكەم و سوپاستان بكەم و لە جیاتی هەموو خەڵكی كوردستان جەژنەپیرۆزەتان لێ بكەم." (سەرۆك بارزانی) هاوکات باسی ڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە كرد و ئاماژەی بەوەدا كە پێشمەرگە ئێستا مێژوو دروست دەكات و ئاییندەیش بۆ گەلەكەی بنیات دەنێت و ئەوەیش شەرفێكی گەورەیە و گوتی: "ئێوە خۆتان فیدا دەكەن بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بە ئازادی و سەربەستی بژیێت."

 (سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا سوپاسی ماندووبوون و قارەمانێتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد كە ئەو زەحمەت و قارەمانییەتییە وا دەكات نەوەكانی داهاتوو بە ئازادی و سەربەستی بژین و ڕایگەیاند كە پێشمەرگە ئامادەیە لەپێناو دۆزێكی ڕەوادا ڕووبەڕووی مەرگ ببێتەوە و ئەوە شكست و فەشەلهێنانە بە هەموو هەوڵێك كە پێیوایە كورد بڕوای بە خۆی نییە. ئەركی پێشمەرگە ئەركێكی پیرۆزە و گەلی كوردستانیش گەییشتووەتە قۆناغێكی زۆر باش و سەركەوتنی یەكجارەكیش نزیكە.

 (سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی خستەڕوو كە حەزی دەكرد سەردانی هەموو میحوەرەكان و سەنگەر بە سەنگەری هێزەكانی پێشمەرگەی كردبا و دووپاتی ئەوەیشی كردەوە كە بەهەموو توانایەك پاڵپشتی پێشمەرگەن و ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەیكەن.

هەر لەم بەسەركردنەوەیەدا فەرماندە و بەرپرسە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگە (سەرۆك بارزانی)-یان لە دۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوە و بارودۆخ و گوزەرانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری كەركووك ئاگادار كردەوە.