Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمانتارێک: پێویستە بەپێی دۆخی تازە بەشەبودجەی ھەرێم دیاری بکرێت

بەغدا-تایبەت بەKDP.INFO-  پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، بڕیارە دوای جەژن لیژنەیەکی تایبەت لە پەرلەمان، پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە بکات و پێویستیشە بەپێی واقیعی دوای ڕووداوەکانی مووسڵ بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان دیاری بکرێت.

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان (نەجیبە نەجیب) بە kdp.infoی راگەیاند: بڕیار دراوە بە پێکھێنانی لیژنەیەک بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2014 و لیژنەیەکش لە نوێنەری ھەموو لایەنەکان پێک ھاتووە، بە بەشداریی ھەردوو جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

(نەجیبە نەجیب) گوتیشی: ئەم لیژنەیە دوای جەژن دەستبەکار دەبێت و کار بۆ ئامادەکردنی ئەو پڕۆژەیاسایە دەکات، بۆئەوەی لە ماوەیەکی کەمدا پەسەند بکرێت.

(نەجیب) زیاتر گوتی، پێویستە ئەم جارە بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان بەپێی ئەم بارودۆخە تازەیە دیاری بکرێت، نەک ئەوەی پێش روووداوەکانی مووسڵ ھاتبووە پەرلەمان، چونکە پێویستە فرۆشتنی نەوتی ھەرێم و داھاتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و پێداویستییەکانی ناوخۆی ھەرێم لەبەرچاو بگیرێن.

بڵند ئیبراھیم