Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نەوتی کوردستان گەیشتە تێکساس

هەولێر-KDP.INFO-  کەشتیێکی بارهەڵگر بە نزیکەی ملیۆنێک بەرمیک نەوتی خاوی کوردستان لە کەناراوەکانی ویلایەتی تێکساسی ئەمەریکا نزیک بووەتەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە کە کڕیار کێیە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، کەشتیی نەوتهەڵگری یونایتد کالاڤرڤتا، کە لە یۆنیۆ-حوزێرانەوە بەندەری جەیهانی تورکیای جێ هێشتووە و ئەو نەوتەی لێ بار کراوە کە لە هێڵی بۆریی نوێی کوردستانەوە بۆ تورکیا گوێزراوەتەوە، وەها چاوەڕوان دەکرێ، سبەی شەممە لە چالڤستۆنی تێکساس بەتاڵ بکرێت.

ئەم هەناردە و فرۆشتنی نەوتە لە کاتێکدایە کە واشنتۆن نیگەرانیی خۆی نیشان داوە لەوەی کە، ڕەنگە فرۆشتنی نەوتی کوردستان، ببێتە هۆی لەبەریەک هەڵوەشانەوەی عێراق، بەڵام لەو شێوە مامەڵەیەی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق(نووری مالیکی)-یش بەرانبەر بە قەیرانەکان، بێزارە.

ئەگەرچی پێشتریش واشنتۆن گوشاری خستبووە سەر کۆمپانیاکان تا نەوتی هەرێمی کوردستان نەکڕن، بەڵام بە ڕاشکاوی ڕێی لە هیچ یەک لە کۆمپانیاکانی نەگرتووە، نەوتی کوردستان نکڕن.

بەرپرسی نووسینگەی وزەی سەربە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا(کارلۆس باسکوال)، دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند، واشنتۆن سیاسەتی خۆی بەرانبەر بە فرۆشتنی نەوتی کوردستان نەگۆڕیوە، بەڵام، هیوایان وایە کە حکوومەتی ناوەند و هەرێم لە کاتێکی گونجاودا بگەن بە ڕێککەوتن.

(باسکوال) گوتیشی، "دەبێ لە قۆناخێکدا، بەغدا و هەولێر بگەن بە تێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ گەشەدان بەو سامانانە و هەناردەکردنی بۆ بوژانەوەی زیاتری عێراق بە شێوەیەکی گشتی."

باوەڕیشی وایە کە، "ئەگەر هەولێر و بەغدا دەربارەی پرسی نەوت ڕێک نەکەون، ئەوا مەترسیی توندتر چاوەڕێ ململانێکانی نێوانیان دەکات."

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا زیاتر گوتی، سەرچاوە بارزرگانییەکانی تێکساس و نیویۆرک، لەندەن و ژنێف نەیانتوانیوە کڕیاری ئەو نەوتەی کوردستان کە یونایتد کالاڤرڤتا بۆ ئەمەریکای گوازتووەتەوە، ئاشکرا بکەن

ئەو خزمەتگوزارییەی کە ڕۆیتەرز بۆ چاودێریکردنی کەشتییەکان هەیەتی، ئەمڕۆ هەینی توانیویەتی چاودطری ئەو کەشتییە بکات کە بەرەو باکووری ڕۆژئاوای دوورگەی مەکسیک وەڕێکەوتووە. هاوکات دەڵێت، کەشتییەکە پاش کەمێک لە ونبوونی، لە دەورووبەری نیمچدوورگەی فلۆریدا دەرکەوتەوە.

کەشتییەکە، نزیکەی ملیۆنێک بەرمیل نەوتی خاوی بار کردووە کە بە نرخی جیهانی، بایی 100 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکایی دەبێت.

سەرباری ئەو دەرکەوتنەی کەشتییە، ڕەنگە ڕێڕەوی خۆی بگۆڕێ و لە ئەمەریکا دوور بکەوێتەوە و بەرەو مەکسیک، یان وڵاتێکی دیکەی ئەمەریکای نێوەڕاست یان باشوور ڕێ بگرێت.

یەکەم کەشتیی بارهەڵگر بە نەوتی کوردستان، لە ئایاری ڕبرادوو بەندەری جەیهانی تورکیای جێ هێشت. پاش ئەویش سێ کەشتیی دیکەی پڕلەنەوتی کوردی، هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراون.

 

سەرکەوت حەسەن