Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فوئاد مەعسووم بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا

کانديد بۆ پۆستي سەرۆککۆماري عێراق(د. فوئاد مەعسووم)

بەغدا-تایبەت بە KDP.INFO-  پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمشەوی فڕکسیۆنە کوردستانییەکان و بە زۆرینەی دەنگ (د.فوئاد مەعسووم) وەکو کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ھەڵبژێردرا.

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموکراتی  (ئەشواق جاف) بە kdp.infoی راگەیاند: "دوای ئەوەی بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆککۆماری عێراق، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دوو کەسی بە فەرمی کاندید کردبوون، کەھەریەکە لە (د.بەرھەم ساڵح) و (د.فوئاد مەعسووم) بوون، فڕاکسیۆنە کوردستانییەکانی راسپارد یەکێک لەوانە دیاری بکەن، بۆئەوەی سبەی لە پەرلەمانی عێراقدا بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ھەڵبژێردرێت، سەعات 11-ی شەوی 23/24 فڕاکسیۆنەکان کۆ بوونەوە و تا درەنگانی شەو کۆبوونەوەکە بەردەوام بوو کە دوو دادوەریش پرۆسەی دەنگداندا ئامادە بوون، دواتر بە زۆرینەی دەنگ (د.فوئاد مەعسووم) بۆ ئەو پۆستە ھەڵبژێردرا."

(ئەشواق جاف) گوتیشی، "سبەی پەرلەمانی عێراق سەعات 11ی پێشنیوەڕۆ کۆ دەبێتەوە و تێیدا (د.فوئاد مەعسووم) دەبێتە کاندیدی فەرمیی کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆمار."

(جاف) ڕوونی کردەو کە، لە پرۆسەی دەنگدانەکەدا (د.بەرھەم ساڵح) 23 دەنگ و (د.فوئاد مەعسووم)30 دەنگی بە دەست ھێنا، چونکە لە کۆی پرۆسەکەدا 55 پەرلەمانتار بەشدارییان لە دەنگداندا کرد و دوو دەنگیش بە تاڵ بوون.

بڵند ئیبراھیم