Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیژنەی ئەمنیی دهۆک: بە توندی هۆشداری بە پەیەدە دەدەین، یاریی بە ئاسایشی هەرێم و گیانی هاووڵاتیانەوە نەكەن

هەولێر-KDP.INFO/  لیژنەی ئەمنیی پارێزگای دهۆك سەبارەت بە هەڵكەندنی خەندەق لە سەر سنووری ناوچەی سحێلا، هۆشداری و روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و رایدەگەیەنێت، دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێمی کوردستان "ئەركیانە ئاسایشی شار و شارۆچكەكانی هەرێم بپارێزن و هیچ كەلێنێك نەهێڵن كە بۆ سەر ئاسایش و سەروەریی هەرێم جێگەی مەترسی بێت."

هاوکات لە بەشێكی روونكردنەوەكەدا هۆشداری دراوەتە پەیەدە و، تێیدا هاتووە "چەند رۆژێكە پەیەدە پەنای بۆ كردارێكی مەترسیدار بردووە و هەوڵ دەدات بە گوشار خەڵكی سڤیلی ئەودیو لە سەر سنوور كۆ بكاتەوە، ئەوان یاریی بە گیانی هاووڵاتیانی سڤیل دەكەن و بە نیازی نانەوەی ئاژاوە و فیتنەن. ئێمە بە توندی هۆشداری بە پەیەدە دەدەین، كە یاریی بە ئاسایشی هەرێم و گیانی هاووڵاتیانەوە نەكەن و رایدەگەیەنێن كە ئەوان بەرپرسیار دەبن بەرامبەر بە هەر ئەنجامێك."

 لیژنەی ئەمنیی پارێزگای دهۆک، لە ڕوونکردنەوەکەیدا کە وێنەیەکی دەست KDP.infoکەوتووە، رایگەیاندووە، لە میانەی پاراستنی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، "لیژنەی ئاسایشی پارێزگای دهۆك بڕیاری داوە كەلێنێكی مەترسیدار لە ناوچەی سنووریی سحێلا پڕ بكرێتەوە". لە روونکردنەوەکە وەك هۆشداریەكیش هاتووە، "ئێمە ئەم هەوڵانە بە ئامرازی گوشاری دەرەكی دژ بە هەرێم دەزانین، بەڵام هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە ئاسایش و ئارامیی هەرێم خەتی سوورە."

 دوای هەڵكەندنی خەندەقێك لەسەر سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان، چەندین خۆپێشاندان و بەیانی ناڕەزایی لە لایەن پارتی یەکێتی دیموکراتیPYD  بەڕێوە چوون و لە راگەیاندنەکانی هەندێک حیزبی هەرێمی كوردستان ئەم پرسە ورووژێنرا.

لیژنەی ئاسایشی پارێزگای دهۆک هۆکاری هەڵکەندنی خەندەقەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە "لە ماوەكانی رابردوودا ئەم هێڵە سنووریە، كە دەشتاییە و كۆنترۆڵی ئاسان نییە، ببووە شوێنی كاری قاچاخچێتی و بازرگانیی ماددەهۆشبەرەكان و چەك و تەقەمەنی و پەڕینەوەی نایاسایی، جیا لەوەش كەلێنێكی مەترسیدار بوو بۆ بە ئاسانی پەڕینەوەی تیرۆریستان و نائارامییەكانی ئەودیوی سنوور."

هەروەها لە روونکردنەوەکەی لیژنەی ئەمنی پاریزگای دهۆک هاتووە:  "بەداخەوە پەیەدە و تەنانەت هەندێ لایەنی ناوخۆ لە هۆیەكانی راگەیاندندا هەوڵ دەدەن خەڵك چەواشە بكەن. ئێمە هۆشداری دەدەین و هەموو ئەو لایەنانە ئاگادار دەكەینەوە، كە ئەم هەوڵانەیان پێچەوانەی رێزگرتنە لە سەروەریی هەرێم و خزمەت بە پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێم ناكات."

 هەروەها لە بەشێكی روونكردنەوەكە هۆشداری دراوەتە پەیەدە، "چەند رۆژێكە پەیەدە پەنای بۆ كردارێكی مەترسیدار بردووە و هەوڵ دەدات بە گوشار خەڵكی سڤیلی ئەودیو لە سەر سنوور كۆ بكاتەوە، ئەوان یاریی بە گیانی هاووڵاتیانی سڤیل دەكەن و بە نیازی نانەوەی ئاژاوە و فیتنەن. ئێمە بە توندی هۆشداری بە پەیەدە دەدەین، كە یاریی بە ئاسایشی هەرێم و گیانی هاووڵاتیانەوە نەكەن و رایدەگەیەنێن كە ئەوان بەرپرسیار دەبن بەرامبەر بە هەر ئەنجامێك."

 لەبارەی هەڵوێستی هەندێ لایەنی هەرێمی كوردستان، روونكردنەوەكە ئاماژەی داوە، "نیازخەراپی و هەبوونی سەفەقاتی گوماناوی لە پشت ئەم هاتوهەرایەی ناوخۆش هەست پێ دەكرێت و ئامانج تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانە. ئەم لایەنانە خواستەو نەخواستە سەقامگیری و ئارامیی هەرێم دەكەنە قوربانیی هەندێ نیازی بەرتەسك. ئەمانە چ وەڵامێكیان بۆ خەڵك پێ دەبێت گەر هاتوو بە هۆی موزایەداتیان هەرێمی كوردستانیش كەوتە بەر شەپۆلی تیرۆر و نائارامییەكان".