Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كوردستان رێوشوێنی ئەمنی توندتر دەكات

هەولێر-KDP.info/  بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تارق گەردی،ڕایگەیاندبە هۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێم، ڕێوشوێنی توندوتۆڵیان گرتووەتە بەر و یەكێك لەو رێوشوێنە ئەمنیانەی گیراونەتە بەر توندوتۆڵكردنی خاڵەكانی پشكنینی دەروازەی هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستانە، لەگەڵ دانانی زیاتر لە 300 كامێرای چاودێری لەو خاڵانەی پشكنیندا.

گەردی پێشبینی كرد ئەو رێوشوێنانە توندوتۆڵتر بكرێن لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا. چەند رۆژێك بەر لە هەڵبژاردن، هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش دەست بە پرۆسەی دەنگدان دەكەن، ئەوەش بە مەبەستی ئەنجامدانی ئەركەكانیان لە رۆژی هەڵبژاردندا و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری.

 گەردی گوتی لە رۆژی هەڵبژاردندا هاتوچۆی نێو شارەكان بۆ هەموو كەس قەدەغە دەكرێ جگە لە میدیا و رێكخراوە ناحكوومییەكان و ئەوانەی مۆڵەتی تایبەتیان هەیە، "هەڵبژاردنەكانی رابردوو نیشانیان دا كە كوردستان جیاوازە لە بەشەكانی دیكەی عێراق. لێرە هیچ ناكۆكی و توندوتیژییەك نییە و پێشبینیش ناكەین كە روو بدات."

 گەردی گوتیشی ''رێكخراوە ناحكوومییەكان و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و خەڵكانی بیانی هاتوون بۆ ئێرە بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەكان."

 بەپێی گوتەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، 1454 بیانی چاودێریی هەڵبژاردنەكانی 30-ی نیسان دەكەن.

بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان هیچ هۆكارێك نابینێ بۆ نیگەرانبوون. جەختی كردەوە كە ''ئەركی پۆلیس پاراستنی بنكەكانی دەنگدان دەبێت و ئەركی ئاسایش پاراستنی شەقامەكان."

بەڕێوەبەری گشتیی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان، مازن عەبدولقادر، گوتی، كۆمیسیۆن پابەند دەبێت بەو یاسا نوێیەی پەرلەمان و پۆلیس لە بنكەكانی هەڵبژاردن دادەنێن.

 لە "ڕووداو"ەوە