Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فازڵ میرانی و عەبدولستار مەجید، ڕێککەوتنی پارتی و کۆمەڵی ئیسلامییان ڕاگەیاند

هەولێر-KDP.info/  لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە پاش کۆبوونەوەی نێوانیان بوو، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فازڵ میرانی ڕایگەیاند، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی دەربارەی چۆنیەتیی پێکهێنان و بەشدارییان لە کابینەی نوێدا ڕیککەوتین."

 میرانی لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ ساز درا ڕایگەیاند، "جەخت دەکەینەوە کە مەبەستی سەرەکیمان ڕەچاوگرتنی بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی کوردستانە، چونکە چیی دی دواخستنی پێکهێنانی حکوومەت لەبەرژەوەندییاندا نییە.

گوتیشی، تا ئێستا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیدا ڕێککەوتنیان واژو کردووە، بەڵام لە هەوڵدانیان بۆ بەشداریپێکردنی یەکێتیی نیشتیمانی و یەکگرتووی ئیسلامیدا بەردەوام دەبن.

پاشان سەرۆکی شاندی دانوستانکاری کۆمەڵی ئیسلامی، عەبدولستار مەجید گوتی، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەربارەی پێکهێنانی کابینەی هەشتەم ڕێککەوتووین.

عەبدولستار مەجید هەروەها دەڵێت، "بە گرینگمان زانیوە پێکهێنانی کابینەی نوێ پەلەی لێ بکرێت و چیی دی دوانەکەوێت. هەروەها لەسەر چۆنیەتیی کاری حکوومەتیش ڕێککەوتین و جەختمان کردەوە لیژنەیەکیش پێک بهێنرێت بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و پشتیوانییش لە پەرلەمان بکرێت تا کاری سەرەکیی خۆی کە یسادانان و چاودێریکردنە ئەرکی خۆی بە چی بگەیەنێت.

ئەو هاوکات گوتی، لەگەڵ پارتی کۆک بووین لەسەر ئەوەی دەستی حیزبەکان لە حکوومەت دوور بخرێتەوە و هاوکات هاووڵاتیبوون پێوەر بێت و ماف و ئەرک و ئازادییەکان واتای تەواویان پێ بدرێت.

هەروەها گوتی، کۆک بووین لەوەی هەڵبژاردنی داهاتوو لە هەر توندووتیژییەک و ساختەکارییەک دوور بێت و جەختیشمان کردەوە پەرلەمان لە هەفتەی داهاتوودا کۆ ببێتەوە.

 لە کۆتاییدا گوتی، کۆمەڵ بەپێی دەستکەوتەکانی هەڵبژاردنی بەشدار دەبێت لە کابینەی داهاتوودا و وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری، وەزیرێکی هەرێم و دەستەی ژینگەمان وەرگرتووە.