Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەللاوی و شاندێكی یاوەری، داوایان لە بارزانی كرد، ڕۆڵی خۆی لە گۆڕانكارییەكانی داهاتووی عێراق و ڕاستكردنەوەی پڕۆسەی سیاسیدا بگێڕێت

هەولێر-KDP.info/سەرۆك بارزانی، لەگەڵ دكتۆر ئەیاد عەللاوی و شاندێكی یاوەریدا كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان خستە بەر باس و هەردوولا جەختیان كردەوە كە، پڕۆسەی سیاسیی عێراق گەییشتووەتە بنبەست و پێویستە گۆڕانێكی ڕیشەیی لە سیمای سیاسیی عێراق ڕوو بدات. هاوکات عەللاوی و شاندەکە داوایان لە سەرۆك بارزانی كرد، ڕۆڵی خۆی لە گۆڕانكارییەكانی داهاتووی عێراق و ڕاستكردنەوەی پڕۆسەی سیاسیدا بگێڕێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 15ـی 4ـی 2014 لە سەڵاحەددین سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، پێشوازی لە دكتۆر ئەیاد عەلاوی و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و دۆخی نالەباری ئەمنی و سیاسیی ناوخۆی عێراق بە گشتی خرایە بەر باس و گفتوگۆ و هەروەها بارودۆخی ناهەمواری پارێزگای ئەنباریش تاوتوێ كرا.

 كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پڕۆسەی سیاسیی عێراق گەییشتووەتە بنبەست و پێویستە گۆڕانێكی ڕیشەیی لە سیمای سیاسیی عێراق ڕوو بدات. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان داوای لە سەرۆك بارزانی كرد كە ڕۆڵی خۆی لە گۆڕانكارییەكانی داهاتووی عێراق و ڕاستكردنەوەی پڕۆسەی سیاسیدا بگێڕێت.