Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی: بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین پاشكۆی بەغدا بین

هەولێر- KDP.info/سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوودبارزانی ڕایگەیاند، ماوەی 11 ساڵە هەرێمی كوردستان یارمەتیی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و سەقامگیرییەكەی دەدات و لەم ڕێگەیەدا لە زۆر لە مافەكانی خۆش بووە، بەڵام لە ئەنجامدا ئەوە دەستەڵاتدارانی بەغدان كە نایانەوێ پابەندی دەستوور بن و گوتی: "دەسەڵاتدارانی بەغدا دەیانەوێ هەرێم پاشكۆی ئەوان بێت و لە عێراقیشدا شەریكیش نەبێت. ئێمە بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین دوای ئەو هەموو خەبات و قوربانیدان و نەهامەتییە پاشكۆی ئەوان بین."

سەرۆك بارزانی هاوكات ڕایگەیاند، "ئەگەر دەستەڵاتدارانی بەغدا هەر بەردەوام بن لە پێشێلكردنی دەستوور و پشتگوێخستنی بنەماكانی شەراكەت و تەوافوق، ئێمە ناچارین بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدادا بچینەوە و ئەوە مافێكە دەستوور بە ئێمەی داوە."

سەرۆك بارزانی لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتی ئیتالیا لە عێراقی فیدڕاڵ، ماسیمۆ ماڕۆتی، ئەم پرسەی خستە بەر باس و
 لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەیشی دا كە، "دەستووری عێراق ڕێگە لە خۆسەپاندن دەگرێت و پابەندبوون بە دەستوور دەبێتە هۆی لاوازبوونی عەقڵییەتی نكۆڵیكار، بۆیەشە دەستەڵاتدارانی بەغدا لەو دەستوورە پەشیمان بوونەتەوە كە هەموو لایەك لەسەری ڕێككەوتوون و خەڵك دەنگی پێ داوە."

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 30ـی 3ـی 2014 سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، پێشوازی لە باڵیۆزی وڵاتی ئیتالیا لە عێراقی فیدڕاڵ، ماسیمۆ ماڕۆتی كرد و لە دیدارێكدا سەرەتا باڵیۆزی وڵاتی ئیتالیا لە عێراقی فیدڕاڵ خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە نیشاندا و سەرۆك بارزانیی لە چالاكییە سیاسییەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستان ئاگادار كردەوە و كورتەیەكیشی لەبارەی سیاسەتەكانی حكوومەتی نوێی ئیتاڵیا خستەڕوو و بە ئاماژەدان بەو سەقامگیری و بووژانەوەیەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە هیوای خواست كە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتالیا پێشڤەچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و ئەوەشی بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد كە سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ هاندانی زیاتری كۆمپانیاكانی ئیتالیاییە بۆ سەرمایەگوزاریی لە كوردستان و هەروەها سەردانی شاندێكی حكوومەتی تازەی ئیتالیا بۆ هەرێمی كوردستان.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی باڵیۆزی وڵاتی ئیتالیا لە عێراقی فیدڕاڵ كرد و ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی ڕاگەیاند بۆ قووڵتركردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی و كوردستان و وڵاتی ئیتالیا لە گشت بوارەكاندا.
هەر لەم دیدارەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ كرا و سەبارەت بە گرژییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا باڵیۆزی وڵاتی ئیتالیا لە عێراقی فیدڕاڵ هێمای بەوەدا كە وڵاتەكەی خوازیارە سەقامگیری لە عێراقدا هەبێت و كار بە پێوەرەكانی دیموكراسی بكرێت و بۆچوون و تێبینییەكانی هەموو لایەكیش لای دەوڵەتی ئیتالیا بایەخی خۆی هەیە. پەیوەست بە كێشەكانی هەرێم و بەغدا سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە ماوەی 11 ساڵە هەرێمی كوردستان یارمەتیی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و سەقامگیرییەكەی دەدات و لەم ڕێگەیەدا لە زۆر لە مافەكانی خۆش بووە بەڵام لە ئەنجامدا ئەوە دەستەڵاتدارانی بەغدان كە نایانەوێ پابەندی دەستوور بن و گوتی: " دەسەڵاتدارانی بەغدا دەیانەوێ هەرێم پاشكۆی ئەوان بێت و لە عێراقیشدا شەریكیش نەبێت. ئێمە بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین دوای ئەو هەموو خەبات و قوربانیدان و نەهامەتییە پاشكۆی ئەوان بین. ئەگەر دەستەڵاتدارانی بەغدا هەر بەردەوام بن لە پێشێلكردنی دەستوور و پشتگوێخستنی بنەماكانی شەراكەت و تەوافوق ئێمە ناچارین بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدادا بچینەوە و ئەوە مافێكە دەستوور بە ئێمەی داوە". سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە دەستووری عێراق ڕێگە لە خۆسەپاندن دەگرێت و پابەندبوون بە دەستوور دەبێتە هۆی لاوازبوونی عەقلییەتی نكۆلیكار بۆیەشە دەسەڵاتدارانی بەغدا لەو دەستوورە پەشیمان بوونەتەوە كە هەموو لایەك لەسەری ڕێككەوتوون و خەڵك دەنگی پێ داوە.
بارودۆخی سووریا و هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر ئاساییش و سەقامگیریی ناوچەكە تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.