Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەكادیمیاى كوردى پرۆژەى ئینسكڵۆپیدیاى كوردستان و كتێبخانەیەكى ئەلیكترۆنیى ملیۆنى جێبەجێ دەكا

سەرۆكى ئەكادیمیاى كوردى ئاشكراى كرد ئەكادیمیا حاڵى حازر كار لەسەر پرۆژەى زانیارینامە (ئینسكڵۆپیدیا)ى كوردستان دەكا كە چەند ساڵێك دەخایەنێ، هاوكات لەگەڵ پارێزگاى هەولێریش سەرقاڵى دروستكردنى كتێبخانەیەكى ئەلیكترۆنین، كە یەك ملیۆن كتێب لەخۆ دەگرێ.

نوورى تاڵەبانى ئەمڕۆ دووشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند لەو پرۆژانەى ئەكادیمیا لە بوارى خزمەتكردن بە مێژووى كورد و كوردستان كارى لەسەر دەكا، پرۆژەى زانیارینامەى كوردستانە، كە هەموو زانیارییەكى تایبەت بە كوردستان لەخۆ دەگرێ و دەیان پسپۆڕ لە كوردستان و توركیا و ئێران و ئێران و رووسیا و كەنەدا و وڵاتانى تر بەشدارى تێدا دەكەن.

هەروەها گوتى زانیارینامەكە هەموو زانیارییەكى پێوەست بە كورد لەخۆ دەگرێ، لە زمان، ئەدەب، هونەر، مێژوو، جوگرافیا، ئابوورى، سیاسیەت و ..هتد و بابەتەكانیش لەلایەن پسپۆڕانەوە تایبەت بۆ ئەو پرۆژەیە ئامادە دەكرێن و دواى پەسەندكردنیان لەلایەن لێژنەیەكى ئەكادیمییەوە، دەخرێنە ئەو ئینسكڵۆپیدیایە.

ئەوەیشى گوت كاركردن لە ئینسكڵۆپیدیاكەدا، كە چاوەڕوان دەكرێ 10 بەرگ بێ و لە 5 هەزار لاپەڕە پێك بێ، ماوەى ساڵێك دەبێ دەستى پێكردووە و 4 تا 5 ساڵ دەخایەنێ.

سەرۆكى ئەكادیمیاى كوردى كە بارەگاكەى لە شارى هەولێرە ئاماژەى بەوە دا، پرۆژەى دروستكردنى كتێبخانەیەكى ئەلیكترۆنیشیان لەبەردەستە كە ئێستە لە وارى جێبەجێكردندایە و پارێزگەى هەولێر بەسەرپەرشتیى ئەكادیمیا دروستى دەكا، تا وەك سەرچاوەیەك لەبەردەم خوێنەر و توێژەرانى كوردستان و بیانى بەگشتى و توێژەرانى ئەكادیمیا بەتایبەتى بێ.

زیاتر گوتى پرۆژەكە بودجەى پێویستى بۆ تەرخان كراوە و لە ماوەیەكى كورتدا تەواو دەبێ.

بەگوتەى تاڵەبانى، ئەكادیمیا چەند پرۆژەیەكى تریشە لەپلاندایە، لەوانە پرۆژەی دانانی دەستووری زمانی كوردی، هەروەها پرۆژەی بە كوردی كردنەوەی ناوە جوگرافییەكانی كوردستانی توركیا.

ئەكادیمیاى كوردى درێژەپێدراوى (كۆڕى زانیارى كورد)ە، كە لەساڵى 1970 لە بەغدا دامەزرا. بەپێى قانوونى ژمارە ( 12 )ى ساڵى 1997، ئەو دەزگا زانستییە لە هەرێمى كوردستان بەناوى (كۆڕى زانیارى كوردستان) دامەزرایەوە. لەساڵى 2007 ئەو قانوونە جارێكى تر هەموار كرایەوە و ناوەكەى بوو بە (ئەكادیمیاى كوردى).

ئەكادیمیا كار بۆ پاراستن و بووژاندنەوە و پێشخستنی زمانی كوردی و زەوینەخۆشكردن بۆ یەكدەنگى لەسەر زمانی حوكمڕانی (فەرمی) لە كوردستانی عێراقدا دەكا و چارەسەرى كێشەكانى زمانى كورد لە خوێندن و پەروەدەدا.