Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کەمال محەممەد: ئێستا چاوەڕوانی چارەكردن و ئاسایبوونەوەی دۆخی كاره‌باین

ھەولێر-KDP.info- وەزیری كارەبای هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، توانراوە قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی 2500 مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بکرێتەوە و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا گەیەندراوەتە 1600 مێگاوات.

ئەمڕۆ شەممە، 27-04-2024، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری كارەبا و وەزیری بە (وەكالەت)ـی  سامانە سروشتییەكانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا سوپاسی تیمەكانی وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنە پەیوەندارەكانی کرد کە "پاش هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر توانیویان قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی 2500 مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا بکەن و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بگەیەننە 1600 مێگاوات".

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بە پلانێكی تۆكمە توانراوە قەرەبووی بەشێکی زۆری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە کێڵگەکە بکرێتەوە و ڕێگە نەدراوە كوژانەوەی گشتی لە سیستەمی كارەبا رووبدات.

وەکو ئەوەی کەمال محەممەد ساڵح ئاماژەی پێ کردووە، "ئێستا وەزارەتی كارەبا لە چاوەڕوانی چارەكردنی شوێنەواری هێرشەكە و دەستپێكردنەوەی پەستانی گاز دایە بۆ هەرسێ وێستگەی هەولێر و سلێمانی و بازیان و ئاسایبوونەوەی دۆخەكە".

ئێوارەی ڕۆژی هەیینی، 26-04-2024، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ. لە ئاکامی هێرشەکەدا، چوار کرێکاری یەمەنی کوژران و دووانی دیکەش بریندار بوون. هەر بەو هۆیەوە، 2500 مێگاوات کارەبا کەمبووتەوە و ئێستا هەزار و 260 مێگاوات کارەبا بەردەستە بۆ دابەش کردن.