Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەیاننامەیەک لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە

ھەولێر-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ھێرشی تیرۆریستی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی ئەو کارە تیرۆرستیە دەکات.

دەقی بەیاننامەکەی وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

لە ماوەی ڕابردوو ھەوڵی باش دراوە بۆ باشترکردنی کەرتی وزە و ژێرخانی ئابووری لە عێراق و بە تایبەتی لە ھەرێمی کوردستان، و لە کاتێکدا کە ھەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خێرا دەکرێن، دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی غازی کۆرمۆرییان کردە ئامانج کە بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەھیدبوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە و کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.

ئەم ھێرشە دووبارانە پێویستە ڕابگیرێن و داوای ھەماھەنگی و ھاوکاری بەپەلە دەکەین لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە بدۆزرێنەوە و ڕادەستی یاسا بکرێن و ڕێگری یەکجاری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارانە.

داواکارین لە خودای گەورە کە جێگای شەھیدان بەھەشت بێت و بریندارەکانیش شیفایان بۆ بێت.

 

پێشەوا ھەورامانی

وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان