Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ دکتۆر جەرجیس حەسەن بەڕێوەچوو

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ (دکتۆر جەرجیس حەسەن) بەڕێوەچوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی٤ی٢٠٢٤، لە مەراسیمێکی ماتەمینیدا، بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی نوێنەری سەرۆک بارزانی، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی، ئەندامانی دەستەی کارگێری، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، وەزیر و پەرلەمانتاران، پارێزگاری هەولێر، خانەوادەی خوالێخۆشبێت، چین و توێژە جیاجیاکان، چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ (دکتۆر جەرجیس حەسەن) بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەکە، بە وەستانی خولەکێک بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد و دواتر چل مۆم بۆ خەبات و شۆڕشگێڕی و بەرخودانی خواڵێخۆشبێت (د. جەرجیس حەسەن) داگیرسا، دواتر دۆکیۆمێنتارییەک سەبارەت بە خەبات و ژیانی (د. جەرجیس حەسەن) نمایشکرا.

لە مەراسیمەکەدا، فازڵ میرانی لە وتەیەکدا، باسی لە ڕۆڵ و خەبات و تێکۆشانی (د. جەرجیس حەسەن) کردوو، بە خەباتێگێڕێکی بە وەفا بۆ ڕێبازی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان وەسفکردوو، ڕایگەیاند خواڵێخۆشبێت کادیر و پێشمەرگە و بیرمەند و ئەکادیمییەکی ماندوونەناس بوو، تەمەنی خۆی بۆ ئازادی و سەربەستی گەلی کوردستان تەرخان کرد.