Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حزبەکانی کوردستان بۆ KDP: سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا گرنگی پێگەی کوردستان دەردەخات

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسانی باڵای حزبی سۆسیال دیموکرات و بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبی زەحمەتکێشان، سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ ھەولێری پایتەختی کوردستان بەگرنگ دەزانن لەم كاته‌دا، ھاوکات پێشیان وایە، دەوڵەتی تورکیا پێگەی ھەرێمی کوردستانی لا گرنگە و دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ فراوان بکات لەڕووی دیبلۆماسی و سیاسی و ئابووری.

مەلا لوقمان پێنجوێنی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تورکیا دەوڵەتێکی گرنگە لە ناوچەکە، کوردستان پێگەیەکی بەھێزی ھەیە و سەرۆکی ھەر وڵاتێکیش کە دێنە عێراق بەبێ سەردانی ھەولێری پایتەخت ناگەڕێنەوە، ئەوەش گرنگی پێگەی کوردستان دەردەخات، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامداوە و باس لە ئاسایش و ئابووری کراوە، بڕوامان وایە پەیوەندییەکانی ھەولێر و ئەنقەرە لە ڕووی ئابووری و دیبلۆماسی لە پاش ئەم سەردانە بڕواتە قۆناخێکی ترەوە، ھەروەھا سەردانەکە بەھێزبوونی زیاتری پێگەی کوردستان ده‌رده‌خات و پێشوازیه‌کی شایستەی پڕۆتۆکۆڵیی دیبلۆماسیانەشی لێکرا".

هه‌ر له‌ باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی سەرۆککۆماری تورکیا، سەعد مەلا عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتی: "سەردانەکەی ئەردۆغان لەم کاتەدا بۆ ھەولێر زۆر گرنگە و کاتەکەی گونجاوە، ھەروەھا بارودۆخی ناوچەکە بە دۆخێکی ناھەموار تێدەپەڕێت و ڕێککەوتن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کاریگەری باشی دەبێت و ئاگری شەڕی ناوچەکەش لە کوردستان دووردەبێت، ھاوکات کوردستان و تورکیا لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوو پەیوەندیەکی دۆستانەی باشیان ھەبووە، ئەم سەردانە پەیوەندیەکان بەھێزتر دەکات، بڕوامان وایە دەرگای ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بەرەو بەندەری جیھان دەکرێتەوە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کارئاسانی بۆ بازرگانان زیاتر فەراھەم دەبێت، بۆیە کوردستان ھەوڵدەدات دۆستەکانی فراوان بکات لە ناوچەکە".

گۆران جەلال، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەت کێشانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان، سەرۆککۆماری تورکیا ھاتە عێراق و کوردستانی فەرامۆش نەکرد، ھاوکات ھەنگاوی دیبلۆماسی بۆ پێگەی ئابووری و سیاسی کوردستان گرنگە، دەوڵەتانی ئیقلیمی کاریگەریان لە سیاسەتی نێودەوڵەتی ھەیە، ھەروەھا دەتوانن ببنە ھێزی فشار بەسەر عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ کوردستان و وڵاتان و مەبەستیانە پەیوەندیان ئاسایی و باشبێ لەگەڵ کوردستان، ھاوکات بوونی عێراق وەک دەوڵەتێکی دیار لە ناوچەکە بەبێ ئامادەیی کوردستان نایەتەدی، بۆیە ھەموو ناوەندە سیاسییە جیھانیەکان بەردەوام دەیانەوێت پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ کوردستان ھەبێت، دەوڵەتی تورکیا لایان گرنگە و دەیانەوێت ھەژموونیان بەسەر بازاڕی کوردستانەوە ھەبێت و کوردستان سنوورێکی فراوانی ھاوبەشی لەگەڵ تورکیا ھەیە بەگرنگی دەزانێت پەیوەندی باشبێت لەگەڵ تورکیا".

 

عەزیز ڕەسووڵ