Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کریستیانەکان سکاڵا دەگەیەننە دادگای نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش

دھۆک_KDP.info_ نوێنەرێکی کریستیانەکان لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی سکاڵا بگەیەنینە دادگای نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی نەھێشتنی کورسی کۆتا و دەشڵێ: ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڕاندنەوەی کورسی کۆتا.

کلارا عودیشو، نوێنەری کریستیان لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕ فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئێمە لە ھەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ گەڕاندنەوەی کورسی کۆتا لە ھەرێمی کوردستان، مانگی ڕابردوو سەرکردەکانی کریستیان نیگەرانی گەلی ئێمەیان گەیاندووەتە نوێنەری وڵاتانی جیھان لە ھەرێمی کوردستان، چونکە ئێمە ھەست دەکەین بڕیاری دادگای فیدڕاڵی زوڵمێکە لە ئێمە کراوە، بەپێی یاسای دادگای فیدڕاڵیش ھەر بڕیارێک نەرێنی بدرێت و کاریگەری لەسەر پێکھاتەیەک ھەبێت پێویستی بە پێداچوونەوەیە.

ئەو نوێنەرەی کریستیان گوتی: یاسای نێودەوڵەتی ھەیە بۆ پاراستنی پێکھاتەکان، ئێمە ئێستا لە ھەوڵداین سکاڵای خۆمان بگەیەنینە دادگای نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی کورسی کۆتاکان.

کلارا عودیشو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ھەرچەندە تا ئێستا وەڵامێکی ئەرێنی نییە بۆ گەڕاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان، بەڵام بێ ئومێدیش نەبووینە و لە ھەوڵەکانمان بەردەوام دەبین، خوازیارین لایەنەکانی دیکەش ھاوشێوەی پارتی ھەڵوێستیان ھەبێت بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبێ کورسی کۆتا بەڕێوە نەچێت.

قائید میرۆ