Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هێمن هه‌ورامی: بەشداری ھەڵبژاردنێک نابین بۆ تێکدانی ھەرێمی کوردستان بێت

هەولێر-KDP.info- هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە بەرێوەبەری کاروباری سیاسی و شیکاری یۆنامی لە عێراق کرد و باسی هەڵوێستی پارتیکرد لەسەر بریارەکانی دادگای فیدراڵی.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، 28-3-2024، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام پێشوازی لە مانۆج ماتیو، بەرێوەبەری کاروباری سیاسی و شیکاری یۆنامی لە عێراق  کرد.

لە دیدارەکەدا هێمن هەورامی بە روونی  روانگە و ھەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دۆخی سیاسی و بڕیارە نادەستوورییەکانی دادگای فیدراڵی بۆ شیکردەوە.

هێمن هەورامی لە بارەی ھەڵبژاردنەکانەوە گوتی: "لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا وەک پارتی ھەموو ھەوڵێکماندا ھەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام لایەنی دیکە رێگرییان دەکرد و پەنایان بۆ دادگای نادەستووری برد و لەوێشەوە بڕیاری سیاسی نەک یاسایی بەرامبەر ھەرێمی کوردستان دەردەکرا و گوشاری ئابووری و برسیکردنی خەڵکی کوردستان و پەلاماری درۆن و مووشەکیان  بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان بە گشتی و ھەولێر بە تایبەتی بەکار دەھێنا".

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی پارتیمان بە روونی بۆی شیکردنەوە، کە بەشداری ھەڵبژاردنێک نابین پێش وەختە وەھا دیزاین کرا بێت بۆ تێکدانی ھەرێمی کوردستان و شکاندنی پارتی  بێت، هەروەها لە رێگای دادگایەکی نادەستوورییەوە یاساکانی ھەرێم  ھەموار بکەنەوە و روونمان کردەوە کە پارتی دیموکرتی کوردستان لیستی کاندید پێشکەش ناکات بەو جۆرە ھەڵبژاردنە کە بە بڕیاری سیاسی و نادەستووری دادگای فیدڕالی بێت".