Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە ١ی ئادارەوە بریکارەکانی خۆراک بە سیستمی ئەلیکترۆنی کارەکانیان بەڕێوەدەبەن

بەغدا-KDP.info- نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لە ١ی ئادارەوە بریکارەکانی خۆراک بە سیستمی ئەلیکترۆنی کارەکانیان بەڕێوە دەبەن و دەشڵێ، دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی رەمەزان دەستی پێکردووە.

حوسێن سەبری، نوێنەری ھەرێم لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بەپێی بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لە ١ی ئادارەوە رادەستکردنی پارەی بەشەخۆراکی ھاووڵاتیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت، واتە بەرامبەر دابەشکردنی ھەر بەشەخۆراکێک بۆ ھەر ھاووڵاتییەک ٥٠٠ دینار وەردەگیرێت و دەبێت بە سیستمی ئەلیکترۆنی لەلایەن بریکارەکانی خۆراکەوە پارەکە رادەست بکرێت".

بەرپرسەکەی وەزارەتی بازرگانی دەشڵێت: "لە وەزارەتی بازرگانی مانگ نییە بۆ دابەشکردنی خۆراک، بەڵکوو سەبەتەی خۆراک ھەیە و دابەش دەکرێت بەسەر ھاووڵاتیانی عێراق و ھەرێمی کوردستاندا، چونکە ھەندێک جار ٤٠ رۆژ جارێک ئەو بەشەخۆراکە دابەش دەکرێت و ھەندێک جاریش کەمتر و زیاتر لەو ماوەیە".

سەبری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بەشەخۆراکی مانگی رەمەزان گەیشتووەتە ھەرێمی کوردستان و لە ژمارەیەکی بەرچاوی بنکەی خۆراک دابەش کراوە، پرۆسەی دابەشکردنی بەشەخۆراک بۆ مانگی رەمەزان بەردەوام دەبێت تا ھەموو ھاووڵاتیان سوودمەند دەبن".

 

قائید میرۆ