Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. پشتیوان سادق: ھەرێمی کوردستان بە ئاوەدانی و ئارامی و بەھێزی دەمێنێتەوە

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە دیدارێکدا دکتۆر پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر لەگەڵ ژمارەیەک کادیری پەروەردەیی لە شاری ھەولێر کۆبووەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ی٣ی٢٠٢٤، لە بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر، بە سەرپەرشتی دکتۆر پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر و بە ئامادەبوونی بەڕێز زاگرۆس فەتاح بەرپرسی بەشی کارگێری و دارایی پارتی و چیا ھەرکی یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب و ئەندامانی مەکتەبی ڕێکخستنی ھەولێر، لەگەڵ ژمارەیەک کادیری پەروەردەیی کۆبوونەوە. 

لە سەرەتایی کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر پشتیوان سادق بە گرنگ و پڕ بایەخەوە باسی لە ڕۆڵ و پێگە و کاریگەری مامۆستایان لە کۆمەڵگا و سەرجەم قۆناغەکانی خەباتی گەلی کوردستان کرد. 

لە تەوەرێکی تری قسەکان بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر، ئاماژەی بەوەکرد حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سۆنگەی ھەستکردن بە گرنگی پڕۆسەی پەروەردە، یەکێک لە ئەولەوییەتی کارەکانی بایەخدان بووە بە سێکتەری پەروەردە و خوێندن و فێربوون. 

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر پشتیوان ڕایگەیاند، زۆر ھەوڵی ناوخۆی و عێراقی ھەبووە، کە سەرجەم سێکتەرەکان پەکبخەن و قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان لاواز بکەن یاخود ھەر نەھێڵن، بەڵام تاوەکو ڕێبەر و سەرکردەمان جەنابی ( سەرۆک بارزانی)بێت، ئەم قەوارە دەستووری و یاساییە ھەر بەھێز و بە ئارامی و ھێمنی و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی دەمێنێتەوە. 

بۆیە پێویستە ھەموومان بەیەکەوە، کار بۆ بەھێزکردنی ھەستی کوردپەروەری و نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی خاک و وڵات بکەین و دژی ئەم زوڵم و ستەم و نا دادییە بوەستینەوە.