Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

محەمەد شوکری ناوه‌ڕۆكی سه‌ردانه‌كه‌ی فەڕەنسایان بۆ KDP ئاشكرا ده‌كات

پاریس-KDP.info- سەرۆکی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، شاندی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بازرگان و وەبەرھێنەرانی فەڕەنسا رێککەوتووە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ کۆڕبەندێکی بازرگانی لە نێوان ھەرێم و فەڕەنسا بەڕێوە بچێت و دەشڵێت، دەمانەوێ فەڕەنسا لە کەرتی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستاندا ڕۆڵی هەبێت.

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، شاندی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی فەڕەنسا لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکانی پاریس و بزووتنەوەی بازرگانیی فەڕەنسا کۆبووەتەوە و تێیدا جەخت لەسەر زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ھەرێم و فەڕەنسا کرایەوە، جگە لە ڕووە سیاسی و کەلتوورییەکە، دەمانەوێ لە ڕووی بازرگانی و ئابووریش وڵاتی فەڕەنسا رۆڵی ھەبێت لە ھەرێمی کوردستان.

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان گوتیشی، لە رێگەی دامەزراوەی فەڕەنسی و ژوورە بازرگانییەکانی فەڕەنسا، رێککەتووین لە مانگی ئایاری ئەمساڵ کۆڕبەندێکی بارزگانی لە نێوان بارزگان و وەبەرھێنەرانی ھەرێم و فەڕەنسا ئەنجام بدرێت، مەبەست لەو کۆڕبەندە بۆ زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ھەرێم و فەڕەنسایە.

د. محەمەد شوکری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، فەڕەنسا لە ڕووی سیاسییەوە دۆستی ھەرێمی کوردستانە و گەلی فەڕەنساش دۆستی گەلی کوردە و لە زۆر بارودۆخدا فەڕەنسا ھەڵوێستی ھەبووە بۆ گەلی کورد، ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین رێژەی وەبەرھێنان لەلایەن کۆمپانیا و وەبەرھێنەرانی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان زیاد بکات و لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و بوارەکانی دیکە، وەبەرھێنەرانی فەڕەنسا بەشدار بن لە کەرتی وەبەرھێنان و بەشداریی کارایان ھەبێت.

 

قائید میرۆ