Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکوەزیران: سبەی بڕیارێک لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەدەین.. ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی رایگەیاند: سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیارێک لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەدەن.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە ئێوارەخوانێکی بەربانگ لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری هەولێر ڕایگەیاند: سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێک لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی کوردستان دەردەکەن.

ڕۆژی سێشەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا سوپاسی خەڵکی کوردستانی کرد بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژی و پشتیوانیی و متمانەیان بە حکوومەت کە ماوەیەکە بەهۆی دروستکردنی دۆخێکی نەخوازراوەوە مووچەکانیان دواکەوتووە بەهۆی نەناردنی لەلایەن بەغداوە.

سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی دووپاتی کردەوە، ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ چارەکردنی کێشەکان بەشێوەیەک لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقیش بێت بەبێ ئەوەی واز لە مافی دەستووریی خەڵکی هەرێمی کوردستان بهێنین.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی باسی لەوە کرد، ماوەیەکی زۆرە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان نەمێنێت یاخود لاواز بکرێت، بەشێوازی جۆراوجۆر پیلانەکە جێبەجێ کراوە و جێگەی داخە هەندێک بیروبۆچوونی ناحەز توانیویانە بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن و لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە لە ناوخۆدا یارمەتی ئەو بۆچوونە شۆڤێنییە دراوە.

سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی گوتیشی: دروستبوونی هەرێمی کوردستان بەوشێوازەی هەیە، کەس خێری پێ نەکردووین، ئەمە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی خەڵکی ئێمەیە و ئێوە هەمووتان بەشداربوون لە دروستکردنی ئەم ئەزموونە، ئێمە دەستوورێکمان هەیە کە ماف و ئەرکەکانمانی تێدا دیاری کراوە و ئەوەی پێمان کراوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان درێغیمان نەکردووە، بەڵام لە دابینکردنی مافەکانمان پێشێل کراوە و دابین نەکراوە و هەوڵی ئەوەش دراوە ئەوەی لە دەستووریش نووسراوە پێشێل بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لێرەدا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووین، بەرەی خۆڕاگری و پاراستنی ئەزموونەکانەمان و ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان و خەباتەکەمان، بەرەی دووەمیش پێی وایە: تەنیا نانێکی زەلیلمان بدەنێ، هەموو کێشەی هەرێمی کوردستان بکرێت بە مووچە، کە دڵنیام زۆربەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نین و ئێمە دەمانەوێت ڕێز لە خوێنی شەهیدانمان و خەباتی ئەم ئەزموونە بگرین و بیباپرێزین کە ئەمە ئەرک و ئەمانەتە دەبێت بیکەین.

هاوکات، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوایەکی ئاراستەی سەرجەم لایەنەکان کرد واز لە بەرژەوەندیی حزبی و شەخسیی خۆیان بهێنن و واز لەوە بهێنن کە لایەنێک سوودمەند بێت بەسەر لایەنێکی دیکە، ئەمە دەستکەوت نییە، بەڵکو دەستکەوت ئەوەیە کە برایەتیی نێوان هەموو پێکهاتەکان بپارێزین و دەستکەوت و ئەزموونەکەمان بپارێزین.

مەسروور بارزانی گوتیشی: عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بەڵام ئیدارەیەکی باشی داهات و سەروەت و سامانەکەی نەکراوە و دەکرا عێراق ببێتە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستاش دەکرێت ئەوە بکرێت، ئەگەر بەبیری یەکتر قبووڵکردن و رێزگرتن لەیەک کار بکەین و بەردەوام بین.

لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی ڕایگەیاند: نیازی ئێمە ئەوەیە لەگەڵ هەموو خوشک و براکانمان لە عێراق، بە ئاشتی بژین و مافی هەموو پێکهاتەیەک ڕێزی لێ بگیرێت.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، ئێمە واز لە هیچ مافێکی دەستووری خەڵکی کوردستان ناهێنین و دەبێت هەموو پێکەوە بیربکەینەوە چۆن کێشەی خەڵک چارە بکەین و کێشەی ئێمە تەنیا مووچە نییە، ئێمە کێشەی ناسنامە و خاکمان هەیە، لە کۆتاییشدا سەرکەوتن هەر بۆ هەقە و بۆ ئێمەیە.

لە کۆتایی گوتارەکەیدا، مەسروور بارزانی ئاشکرای کرد: سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێک لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی کوردستان دەدەین و گوتیشی: لە کێشە و ناخۆشییەکاندا، خۆمان بە تەنیا دەبینین بەڵام خوا و خەڵکی کوردستانمان لەگەڵ بێت منەتی کەس هەڵناگرین".

هەروەها گوتیشی: لە کاتە سەختەکاندا پیاوی تەنگانە کەم لەگەڵ ئێمە وەستاوە و سبەی کە بڕیارەکەماندا، هەموو لایەک خۆیان دەکەن بە شەریکی ئەو بڕیارە.