Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانى و حه‌لبووسى له‌ دۆخى عێراق و پرسى ده‌ستوور ده‌كۆڵنه‌وه‌

هەولێر-KDP.info-  سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى ده‌رباره‌ى بابه‌تى هه‌موارى ده‌ستوورى عێراق دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ده‌ستوور خۆى نا، به‌ڵكوو جێبه‌جێنه‌كردنى ده‌ستوور كێشه‌یه‌ و هه‌ر هه‌موار و گۆڕانكارییه‌كیش له‌ ده‌ستووردا، ده‌بێ له‌ به‌رژوه‌ندیى عێراق و له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگیریى وڵاتدا بێت و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ته‌واوى پێكهاته‌كانى عێراق به‌گشتى بپارێزێت.

له‌ دووه‌مین كۆبوونه‌وه‌یدا له‌ به‌غدا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13/11/2019 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و شاندى یاوه‌رى، له‌گه‌ڵ به‌ڕیز محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبووسى، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، پێشهاته‌كانى عێراق به‌گشتى و پرسى هه‌مواركردنه‌وه‌ و گۆڕانكاریى ده‌ستووریان به‌تایبه‌تى تاوتوێ كرد و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ر هه‌موار و گۆڕانگارییه‌ك له‌ ده‌ستووردا ده‌بێ بۆ خزمه‌تكردن و به‌رژوه‌ندیى ته‌واوى پێكهاته‌كانى عێراق و به‌پێى میكانیزمه‌ ده‌ستوورییه‌كان بێت.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى هه‌نووكه‌ییى وڵات، كارى په‌رله‌مانى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان فراكسیۆنه‌كان، ڕۆڵى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا و پرۆسه‌ى سیاسى له‌ وڵات به‌گشتى خرایه‌ به‌ر باس، بیروڕاش ده‌رباره‌ى چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى ناوچه‌كه‌ ئاڵوگۆڕ كرا.