Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خانزاد وسوو: ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێكی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەند كرد

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێ: "دوای ئەوەی داواكاریمان پێشكەشی حكوومەت كرد، ئەنجومەنی وەزیران هەیكەل و یەكەی ژمێریاریی بۆ ئەنجومەنەكان پەسەند كرد و دەست بە دامەزراندنیان دەكرێت".

خانزاد مام وسوو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا سەردانی وەزارەتی داراییمان كرد و داوای هەیكەلی ئەنجومەن و یەكەی ژمێریاریمان كرد، كە ماوەی چوار ساڵە نیمانە، وەزیری دارایی رەزامەندیی دەربڕی و نووسراوێكی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كرد، كە لەوێش پەسەند كراوە و بۆ وەزارەتی دارایی گەڕێندراوەتەوە و كۆپییەكیش بۆ ئێمە رەوانە كراوە، بۆیە بە زوویی دەست بە دامەزراندنیان دەكرێت".

جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی روونیشی كردەوە: "هەیكەلی نوێی ئەنجومەنەكان دادەنرێت و یەكەی ژمێریاریشی بۆ دادەمەزرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا بودجەمان بۆ دیاری نەكراوە لەگەڵ فەرمانبەر بۆ ئەنجومەنەكان".

دەشڵێ: "لە كابینەی پێشوودا رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی هەیكەلی نوێی ئەنجومەنەكان و یەكەی ژمێریاری درا، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە ئەوكات جێبەجێ نەكرا و ئێستا جێبەجێ دەكرێت".

 

بڵند ئیبراهیم